كرمانج عەبدوڵڵا: بە ھۆی ھەڕەشەی داعشەوە زۆرینەی گوندەكانی كوردنشین چۆڵ كراون

مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بە ھۆی ھەڕەشە و ترسی داعش لە سنووری مەخموور لە ناحیەی قەراج، تا ئێستا ٥٠٠ خێزانی كورد ناوچەكەیان چۆڵ كردووە و ئاوارەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ھەرێمی كوردستان بوون.
كرمانج عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، جموجۆڵی داعش لە سنووری مەخموور بەردەوامە و تەعەداش لە خەڵك دەكەن، بۆیە بە ھۆی ئەو ترس و ھەڕەشەیەی داعش زۆرینەی گوندەكانی كوردنشین لە سنووری مەخموور چۆڵ كراون و، تەنھا لە ناحیەی قەراجیش ٥٠٠ماڵ چۆڵ كراون و بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و ھەرێمی كوردستان ئاوارە بوون و، ئامادەش نین تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، بۆ شوێنەكانیان بگەڕێنەوە.
عەبدوڵڵا گوتیشی، خەڵكی ئاوارە دڵیان بەوە خۆشە كە رێككەوتنێك لە نێوان ھەرێم و بەغدا بكرێت و جارێكی دیكە بگەڕێنەوە، كە بڕیارە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ھاوبەشی بنكەیەك دابنێن و خەڵكیش بە گشتی لە مەخموور بە دانانی ئەو بنكەیە دڵخۆشە.
بڵند ئیبراھیم




