٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"فەرەنسییەکان مامەڵەی ''دەوڵەت'' لەگەڵ کوردستان دەکەن"

سەرچاوە: KDP.info

پاریس -KDP.info- پەیوەندییەکانی کورد و فەرەنسا، بەتایبەت هەرێمی کوردستان زۆر بەهێزە و، تایبەتمەندییەکی گەورەی هەیە، پسپۆڕێکی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە فەرەنسا دەڵێت، لە مێژووشدا ئەو پەیوەندییانە هەر هەبوون لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان لە کاتی دانیال میتران، لە سەردەمی سەرۆک فرانسوا میتراندا، فەرەنسا ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا لە بەڕێوبەرایەتیی کاتی و هاوکارییان کرد ناوچەی دژەفڕین دروست بوو و حکوومەت ئاوەدان کرا.

دوای سەردەمی فرانسوا میتران هەر لە سەردەمی جاک شیراک و نیکۆلا ساراکۆزی فەرەنسا پشتیوانیی کورد و مەلەفەکانی کوردی کردووە و بەتایبەت لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەوە، لەو بارەیەشەوە، د. ئیبراهیم موسلم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە ئایندەشدا هەبوونی فەرەنسا لە ناوچەکە بۆ کورد باش دەبێت، پێشتریش فرانسوا هۆلاند سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا بۆچوونی خۆی بەرامبەر دیار کردووە کەوا فەرەنسا وەک وڵاتێک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، لە کاتی ڕیفراندۆمیشدا تەنیا فەرەنسا بوو ڕۆڵێکی گەورەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گێڕا."

ئێستا پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی و بازرگانی و خوێندن و کولتووری لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستاندا زۆر باشن، موسلم گوتیشی: ''لە کاتی سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا، کە ئەوکات سەرۆکی حکوومەت بوو، بە کوردی قسەی کرد و فرانسوا هۆڵاند ڕایگەیاند، دەبێ زمانی کوردی بکەن بە زمانی ناوەندەکانی خوێندنی باڵا لە وڵاتەکەیان، دواتریش بەشی زمانی کوردیی لە زانکۆی سۆربۆن و چەندین زانکۆی تر کرانەوە.

ئاماژەیشی دا: "لە کاتی هێرشەکانی داعشدا فەرەنسا لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا و پێشوازیی لە کوردانی ئێزدی کرد، خودی وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە فرۆکەخانەی شارل دیغۆل پێشوازیی لێ کردن، بۆچوونی فەرەنسییەکان بەرامبەر کورد زۆر باشە."

پێشتر وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو و پێش دوو ڕۆژیش فلۆرانس پارلی، وەزیری بەرگریی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لەبارەی ئەمەشەوە دەڵێت: "فەرەنسا وەک ئەرکێکی مێژوویی، خۆی بە بەرپرسیار دەبینێت بەرامبەر کوردستان و دەخوازێت بۆ دنیاش دیار بکات کە پشتیوانی کوردن، ئەگەر سەیری هەڵوێستی فەرەنسا بکەی بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان ڕۆڵیان زۆر باشە و پشتیوانیانە، بەتایبەت هەرێمی کوردستان."

''ئەگەر باسی جیۆپۆلیتیکی سیاسی بکەین، بۆ فەرەنسییەکان کوردستان قورساییی زیاتری لە عێراق هەیە و دەیانەوێت زیاتر پێش بکەوێت و ئەگەر ویستی فەرەنسییەکان بووایە ئێستا کوردستان سەربەخۆ بوو.'' موسلم وا دەڵێ.

 

کــاروان بـــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار