"لە دھۆک نرخی خزمەتگوزاریی یەکەکانی نیشتەجێبوون ٤٠% داشکێندرا"

دھۆک-KDP.info- لە سنووری پارێزگای دھۆک ٤٠ پڕۆژەی نیشتەجێبوون ھەن لە شوقە و خانوو کە لە ڕێگەی وەبەرھێنانەوە دروست کراون و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆکیش دەڵێت، نرخی خزمەتگوزاری لەو یەکانە ڕێک خراوە و بەراورد بە ڕابردوو ٤٠% داشکێندراوە.
کوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەکی باڵا لە پارێزگای دھۆک بۆ مەبەستی پێداچوونەوە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی یەکەکانی نیشتەجێبوون پێک ھاتووە و دوای وردبینیی زۆر بڕیار درا نرخی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە یەکەکانی وەبەرھێنان کەم بکرێتەوە و بەگشتی ٤٠%ی نرخ داشکێندراوە."
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک دەڵێت: "لە سنووری پارێزگای دھۆک ٤٠ پڕۆژەی نیشتەجێبوون ھەیە و خزمەتگوزارییەکان پۆلێن کراون، چونکە لە ھەندێ یەکەی نیشتەجێبوون خزمەتگوزاریی زیاتر ھەیە، لە دوای پێداچوونەوە، ھەموویان ڕێک خراون و نرخی نوێیان بۆ دیاری کراوە."
کوردۆ ئیحسان جەختی کردەوە: "ئەو پڕۆژانەی پابەندی نرخی نوێی خزمەتگوزاری نابن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، چونکە بەو نرخەی ئێستاش ھێشتا قازانجێکی زۆریان ھەیە بۆ کۆمپانیا و وەبەرھێنەر، بەپێچەوانەوە لەکاتی پابەندنەبوون بە زیادکردنی ئاشکرا خزمەتگوزاری دەدرێتە کۆمپانیای دیکە."
قائید میرۆ




