کەمال موسلیم: لە ئایندەیەکی نزیکدا چەندین شاندی بازرگانی سەردانی ھەرێم دەکەن

ھەولێر-KDP.info- دوای ھەڵگرتنی قەدەغەی ھاتوچۆ ڕەوشی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و وەزیری پیشەسازی و بازرگانییش دەڵێت، بڕیارە چەندین شاندی بیانی سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن.
کەمال موسلیم، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای چەندین مانگ لەبەرگرتنی ڕێوشوێنی خۆپارێزی کاریگەری کردبووە سەر بزاوتی بازرگانی، بەڵام ئێستا ڕەوشی بازرگانی بەرە ئاساییبوونەتەوە دەچێت و خەریکە کاریگەرییەکان کەمتر دەبنەوە لەسەر ھەرێمی کوردستان."
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پلانیدایە گەشە بە کەرتی بازرگانی و پیشەسازی بدات لە ڕێگەی جیاوازە و چەندین پلان لەبەردەستن بۆ ئەمساڵ."
پەیوەست بە ھاتنی کۆمپانیا و بازرگانیی بیانیش کەمال موسلیم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ئایندەیەکی نزیکدا چەندین شاندی بیانی لە وڵاتانی جیھانەوە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن بە مەبەستی کارکردن و ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر بەرەوپێشبردنی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، چونکە پێشتر بەھۆی قەدەغە ھاتوچۆوە ھاتنی کۆمپانیا و بازرگانانی بیانی ڕاگیرابوو.
قائید میرۆ




