موخلیس سەلیم: پلان ھەیە یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرات دروست بكرێت

هەولێر-KDP.info- ھەشت ساڵە پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنانەوە راگیراوە، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و كارگێڕیی دەستەی گشتیی وەبەرھێنانیش دەڵێ، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە پلانی ھەیە لە داھاتوودا یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرات دروست بكات.
موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٢ـوە پێدانی مۆڵەت بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان راگیراوە و لەو كاتەوە تا ئێستا مۆڵەت بە دروستكردنی ھیچ پڕۆژەیەكی وەبەرھێنان لە بواری نیشتەجێبوون نەدراوە، ئەوەش دوای پێدانی ژمارەیەكی زۆری مۆڵەت بە پڕۆژەكانی وەبەرھێنان لە بواری نیشتەجێبوون ھات".
ئەو بەرپرسەی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان دەڵێت: "ئێمە وەك دەستە، پلانی وەزارەتەكان جێبەجێ دەكەین و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەش پلانی ھەیە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرامەت دروست بكات".
سەلیم روونیشی كردەوە: "پێویستە پێداچوونەوە بە كەرتی نیشتەجێبووندا بكرێت، تا بزانین چەند یەكە دروست كراون و ھەرێمی كوردستان پێویستی بە چەند یەكەی دیكە ھەیە، دواتر داوا لە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان بكرێت بۆ پێدانی مۆڵەتی ھەڵوەشاندنەوەی ئەو سێ بڕیارەی پێشتر بۆ راگرتنی مۆڵەتی نیشتەجێبوون دراون".
قائید میرۆ




