٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی ھەرێم لە ڕێگەی چاکسازی لە کەرتی کارەبادا ٨٥٠ مێگاوات کارەبای زیاد کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، چاکسازییەکی باشیان لە کەرتی کارەبا کردووە و تەنھا لە گۆڕینی بەکارھێنانی گازوایل بۆ غاز ٥٠٠ مێگاوات کارەبایان زیاد کردووە و لە وێستگەی ھەڵمیی خەباتیش ٣٥٠ مێگاواتیان زیاد کردووە، بەمەش ٨٥٠ مێگاوات کارەبایان زیاد کردووە و ئەمەش وای کردووە لە خواستی ھاووڵاتییان نزیک ببنەوە، بۆ وەرزی زستانیش پلانیان ھەیە خواستی ھاووڵاتییان دابین بکەن کە لە وەرزی زستان پێویستیان بە زۆرترین ڕێژەی کارەبا هەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی کارەبا چاکسازییەکی باشیان لە کەرتی کارەبا کردووە، بەمەش توانیومانە تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بن و لەم وەرزی ھاوینە نزیکەی ٢١ سەعات کارەبا بۆ ھاووڵاتییان دابین كرا و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی لە وەرزی زستانیش زۆرترین سەعاتی کارەبا بۆ ھاووڵاتییان دابین بکەین، چونکە لە وەرزی زستان پێویستمان بە زۆرترین کارەبا ھەیە بەھۆی ئەوەی خواست لەسەری زۆرە."

لەبارەی ئەو ڕێگا و ھەنگاوانەی ناویانە، ئومێد ئەحمەد گوتی: "یەکەمیان گۆڕینی سیستەمی گازوایل بۆ سیستەمی غازی کە لەو ڕێگەیەوە خەرجییەکان چوار بۆ حەوت ھێندە کەمی کردووە، بەمەش ٥٠٠ مێگاوات کارەبا زیادی کردووە و جگە لەوەش، لە وێستگەی ھەڵمیی خەبات کە بە نەوتی ڕەش کار دەکات ٣٥٠ مێگاوات کارەبا زیاد کراوە، کە توانیومانە ٨٥ مێگاوات کارەبا زیاد بکەین و ئێستا کۆی گشتیی کارەبای ھەرێم دەگاتە سێ ھەزار و٧٠٠ مێگاوات کارەبا."

ئەحمەد باسی لەوەش کرد: "ئێمە دوو کێڵگەمان ھەیە کە ئەوانیش کۆرمۆ و خورمەڵەن و لە بەکارهێنانی سووتەمەنیی گازوایلەوە بۆ غاز گۆڕدراون و ئەوەی داناغازیش گرێ دراوی سلێمانی و بازیانە، بۆیە بەو گۆڕانکارییانە سوودی زۆرمان کردووە، ئەمە جگە لە وێستگەی ھەڵمیی خەبات کە ٣٥٠ مێگاواتە."

گوتیشی: "جگە لەوەش بە ھەزاران سەرپێچیی کارەبامان بڕیوە و بەنیازین بۆ وەرزی زستانیش لە ڕێگەی پێوەری زیرەکەوە کۆنتڕۆڵی کارەبا بکەین و خواستی ھاووڵاتییان پڕ بکەینەوە کە لە وەرزی زستان ھەندێک جار پێویستمان بە شەش ھەزار مێگاواتە، بەڵام گەر ئەوە بکەین لە خواستی ئێمە هاووڵاتییان دەبینەوە، چونکە ئێستا نزیکەی ٢١ سەعات کارەبا دەدەین."

ڕوونیشی کردەوە: "چاکسازییەکی باشمان کردووە لە کەرتی کارەبا و ئومێدمان وایە زیاتر بکەین و بەردەوامیش دەبین تا چاکسازیی باشتر بکەین."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار