نرخی كارەبا بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان كەم دەكرێـتەوە
__2020_05_17_h20m22s24__HK__2020_08_26_h17m30s29__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە ڕیگای پڕۆژەیەكەوە وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی كارەبا پشتگیریی پڕۆژە كشتوكاڵییە ناوخۆییەكان دەكەن بە مەبەستی زیانمەندنەبوونی جووتیاران و خاوەنی پڕۆژەكان.
حوسێن حەمە كەریم، ڕاوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر لە ڕێگای لێكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی كارەبا بڕی تێچووی هەر كیلۆواتێك كارەبا بۆ بەشێك لە پرۆژە كشتوكاڵییەكان كەم كرابووەوە لە 130 دینارەوە بۆ 30 دینار."
ئەو دەشڵێت: "بۆ ئەوەی سەرجەم خاوەنی پڕۆژەكان لەم بڕیارەی حكوومەت سوودمەند بن و هەروەها خاوەنی پرۆژەكان بتوانن كێبڕكێی بەرهەمی هاوردە بكەن و لە پڕۆژەكانیان زیانمەند نەبن، جارێكی دیكە داوامان لە وەزارەتی كارەبا كردووە كە نرخی كارەبا بۆ پڕۆژەكانی خانووی پڵاستیكی، كارگەی ئالیك، سەربڕخانەكان، پڕۆژەكانی قارچك، دەواجن و پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكە، پرۆژەی ماسی، كارگەی زەیتوون، پرۆژەی شیرەمەنی، دۆشاوی تەماتە و سەرجەم كارگەكانی پیشەسازیی خۆراك كە بەرهەمی خۆماڵی بەكار دەهێنن داببەزێنن بۆ 30 دینار بۆ هەركیلۆواتێك."
حوسێن حەمە كەریم ئاماژەی بەوەش دا: "وەزارەتی كارەبا پێشوازیی لە بیرۆكەكەی ئێمە كردووە و بڕیاریان داوە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت كاری لەسەر بكەن بە مەبەستی جێبەجێكردن و سوودمەندبوونی خاوەنی پرۆژەكان و بووژانەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و زیاتربوونی هەلیكاری ناوخۆیی.''
هێدی كاكەیی




