مەحموود محەمەد: دۆخەكە وا دەخوازێت بەمنزیكانە پارتی و یەكێتی كۆببنەوە

هەولێر-KDP.info- مەحموود محەمەد گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، دۆخەكە وا دەخوازێت بەمنزیكانە پارتی و یەكێتی كۆببنەوە. جەختیش دەكاتەوە لەوەی؛ بۆ ئەوەی بگەنە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی، دەبێت لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر وردەکارییەکان رێکبکەون.
شەوی رابردوو لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی بارزان مەلا خالید، سیاسەتمەدار و پێشمەرگەی دێرین، مەحموود محەمەد لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاشکرای کرد، بەمزووانە لەگەڵ یەکێتی کۆدەبنەوە.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "ئێمە دەبێت هەوڵبدەین ئەو گرێیانەی ئێستا هەن، خاویان بکەینەوە و بگەینە ئەوەی بەرە بەرە ناوەڕۆکی رێککەوتنە سیاسییەکەی نێوانمان جێبەجێ بکەین هەر لە بابەتی پەرلەمانەوە تاوەکو حکوومەت و ئەو یاسایانەی رەهەندی دەستوورییان هەیە، بۆ ئەوەی بزانین چۆن بەیەکەوە هاوکاری بکەین هەروەها لەوەی چۆن هەردوولامان بەیەکەوە بەرگری لە ماف و دەستکەوتەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین لە بەغدا".
پارتی هەندێک نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق تۆمەتبار دەکات بەوەی دژی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانن. مەحموود محەمەد دەڵێ، "ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین: لایەنەکانی دەسەڵات لە بەغدا هەوڵێکی زۆر جیدیان هەیە بە پشتیوانیی هەندێک بەداخەوە نوێنەرانی کە لە کوردستان متمانەیان وەرگرتووە، بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانەی بە خوێن و خەبات دەستکەوتوون، پووچەڵ بکەنەوە، بێ بەهایان بکەن یان کاڵیان بکەنەوە"
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی داهاتووی یەکێتی و پارتی، گوتەبێژی پارتی رایگەیاند، "کۆبوونەوە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانە کە دەبێت هەوڵی بۆ بدەین جێبەجێ بکرێت و زەمینەی بۆ خۆش بکەین. دەبێت بەم نزیکانە ئەم کۆبوونەوەیە بکرێت، چونکە لەو کۆبوونەوەیەدایە ئەو خاڵانەی دیکەی لەسەریان رێککەوتووین، ورددەکرێنەوە و ئالییەتی جێبەجێکردنیان بۆ دادەنرێت، بۆیە بە جێبەجێکردنی ئەمە؛ دەگەیەنە قۆناغێکی دیکە لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان".
قۆناغی نوێی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بە گوتەی مەحموود محەمەد، "رەنگدانەوەی لەسەر هەموو پرۆسەی سیاسیی کوردستان دەبێت و دەتوانین بڵێین پاڵپشتییەکی گەورەش دەبێت لە بەشداریی کورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقی و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەگەڵ حکوومەتی فدراڵی هەمانە".




