"ئەنفالی بادینان دواقۆناغی ئەنفال و دڕندەییی ڕژێم"

دهوک-KDP.info- ڕژێمی بەعس بۆ پاکتاوکردن و لەنێوبردنی کورد درێژەی بە قۆناغەکانی ئەنفال دەدا و دواقۆناغیش ٣٢ ساڵ بەر لە ئێستا بوو کە بە ئەنفالی بادینان ناسراوە و سەرۆکی سەنتەری ئەنفال لە دھۆک دەڵێت، چەکی قەدەغەکراوی تێدا بەکار ھات و پێنج ھەزار قوربانیی سڤیلی لێ کەوتەوە.
خەڵکی سڤیلی بادینان بۆ ڕەتکردنەوەی سیاسەتی پاکتاوکردن و مانەوەی کورد وەک میللەتێکی خۆڕاگر ڕوویان لە چیاکانی سەر سنوور کرد و بە ھەزاران خێزانیش ئاوارەی کەمپەکانی باکووری کوردستان بوون.
عەلی بەندی، بەرپرسی سەنتەری ئەنفال لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ٣٢ ساڵ بەسەر ئەنفالی ڕەشی بادیناندا دەرباز دەبێت، کە ڕژێمی ئەوکاتی عێراق لە ھەشت قۆناغی جیاوازدا لە ڕۆژی ٢٥ی ئاب دەستی پێ کرد و تا ٦ی ئەیلوول بەردەوام بوو، ئەنفالی بادینان بەپێی بەڵگەنامەکانی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو دواقۆناغی ئەنفالی گەلی کورد بوو کە کرا و تێیدا زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی دەڤەری بادینان زیندەبەچاڵ کران."
بەرپرسی سەنتەری ئەنفال دەشڵێت: "لە ئەنفالی بادیناندا جگە لە زیانی گیانی ٦٧٠ گوند خاپوور کران و ٧٩ ناوچە کەوتنە بەر شاڵاوی ئەنفالی بادینان و وێڕای ڕەشبگیری و لەناوبردنی ھاووڵاتیان چەکی کیمیایی تێیدا بەکار ھات و ژمارەیەک ھاووڵاتی بەو ھۆیەوە شەھید بوون."
عەلی بەندی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەداخەوە پڕۆسەکانی ئەنفال کاریگەریی زۆر خراپی کردە سەر دەروونی ھاووڵاتیانی ناوچەکە و تا ئێستاش کاریگەرییەکانی ھەر ماون، لەبەر ئەوەش، ئاسەواری ئەنفال زیانی زۆری بە خەڵکی کوردستان گەیاند."
ڕژێمی بەعس ھەر بە گرتن و زیندەبەچاڵکردنی ھاووڵاتیانی بادینان نەوەستا بەڵکو پەنای بردە بەر چەندین جۆرە چەک و ژمارەیەک ژن و منداڵی بادینانی بە چەکی کیمیایی شەھید کرد.
عەلی بەندی گوتیشی: "ڕاستە ڕژێم چەکی قەدەغەکراوی بەکار ھێنا، بۆ نموونە، لە ئەشکەوتی دەکان لە سنووری قەزای شێخان ڕژێم چەکی کیمیایی بەکار ھێنا و چەندین خێزان بەتەواوەتی شەھید بوون."
قائید میرۆ




