داواكاری گشتی: ئەوانەی ھانی خەڵكیان داوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت

هەولێر-KDP.info- شەوی یەكشەممە، لە شاری ھەڵەبجە و لەژێر ناوی خۆپیشاندانەوە ھێرش كرایە سەر ژمارەیەك فەرمانگەی حكوومەت و بارەگای حزبی و، لە ئەنجامدا زیانێكی ماددیی زۆر بە موڵكی گشتی گەیشت، ئەندامێكی داواكاری گشتیش پێی وایە، دەبێت ھەر خۆپیشاندانێك لە چوارچێوەی یاسا دەرنەچێت و دەشڵێ، ھەر كەسێك بەشدار بووبێت یانیش ھانی خەڵكی دابێت بۆ زیانگەیاندن بە موڵكی گشتی، بەپێی یاسا سزایان بۆ دیاری كراوە.
د. محەمە رێكانی، ئەندامی داواكاری گشتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: " لە چوارچێوەی یاسا و بەپێی دەستوور، ھەر خۆپیشاندان و داواكارییەك بكرێت، لەو كاتەوە كۆتایی دێت كە دەبێتە رەفتارێكی تێكدەر، ھەر رەفتارێك لە بۆچوون و داواكاریی خۆی دەرچوو، دەبێت بە تاوان، بۆ نموونە زیانگەیاندن بە موڵكی گشتی و دەزگاكانی حكوومەت و ھی خەڵك و ھەر شوێنێكی دیكە، چونكە دەرچوونە لە یاسا و دەستوور".
ئەو ئەندامەی داواكاری گشتی دەشڵێت: "ھەر خۆپیشاندانێك بەڕێوە ببرێت، پێویستە لە چوارچێوەی یاسا دەرنەچێت، بەڵام ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كەسانەی خۆپیشاندانەكان بەڕێوە دەبەن و دەبێت ھەندێ رێكاری یاسایی بەرامبەر دەزگاكانی دەوڵەت و شوێنە گشتی و تایبەتەكان ھەبێت، بۆ نموونە ئامانجی خۆپیشاندان و گردبوونەوەكان دیار بێت و چوارچێوەیەكیش ھەبێت و لێی دەرنەچن، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە ئەگەر كەسێك سەرپەرشتیار و ھاندەری خۆپیشاندان نەبێت، ئەوە بە شێوەیەكی ھەرەمەكی بەڕێوە دەچێت و زیان بە موڵكی گشتی دەگەیەنن، ئەوەش دەبێتە تاوان و سزای خۆی ھەیە".
رێكانی روونی كردەوە: "ھێرشكردن بۆ سەر موڵكی گشتی و حكوومەت، بەپێی یاسا سزای بۆ دیاری كراوە و پێویستە قەرەبووی زیانەكانیش بكەنەوە، دوو جۆر تۆمەتباریش ھەیە لە نانەوەی ئاڵۆزی و زیانگەیاندن بە موڵكی گشتی و تایبەت، یەكێكیان تۆمەتباری راستەوخۆن كە دەستیان لە تاوانەكەدا ھەیە و تۆمەتباری دووەمیش ئەو كەسەیە كە ھانی خەڵكی داوە ھێرش بكەن یان زیان بگەیەنن بە شوێنێك، ئەوەش بەشدارە لە تاوانەكەدا".
دكتۆر محەمەد زیاتر گوتی: "ھێرشەكانی شەوی یەكشەممە بۆ سەر فەرمانگەكانی حكوومەت لە ھەڵەبجە، لە ژێر چاودێریی داواكاری گشتی لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت و داواكاری گشتی نوێنەرایەتیی مافی گشتی دەكات، لەو رووداوانەشدا، ھەر كەسێكیش بەشدار بێت یانیش ھەر كەسێك چەكی بە خەڵك دابێت و بە شێوەیەك لە شێوەكان ھانی خەڵكی دابێت بۆ تێكدان و زیانگەیاندن بە موڵكی گشتی، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت".
قائید میرۆ




