لە بەرامبەر پێدانی كارەبادا، بەغدا گازوایلی بۆ سێ یەكەی كارەبا دابین كرد

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، وەكو رێككەوتنی سەرەتایی لەگەڵ عێراق، گازوایلیان بۆ سێ یەكەی هەرێمی كوردستان دابین كردووە و دەشڵێ: "ئێمە لە بەرامبەردا بڕێك كارەبا بۆ مووسڵ دابین دەكەین، بەڵام ھێشتا رێككەوتنی كۆتایی ماوە بكرێت".
ئومێد ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە چوارچێوەی رێككەوتنی پێدانی كارەبا بە عێراق، ئەوان گازوایلیان بۆ سێ یەكەی كارەبای ئێمە لە دھۆك دابین كردووە و، ئێمەش لەبری ئەوە بڕێك كارەبا دەدەینە پارێزگای مووسڵ".
ئەحمەد گوتیشی: "ھێشتا رێككەوتنەكە بە تەواوی نەكراوە و نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی، بەڵام گفتوگۆ ھەیە، ئەمەش وەكو سەرەتایەكە و بۆ ھەرێم و بۆ ئەوانیش بەسوودە، چونكە ئێمە زۆر یەكەمان ھەن كە كار ناكەن بە ھۆی نەبوونی گازوایل و ئەوانیش پێویستیان بە كارەبا ھەیە، بۆیە كە ئەوان گازوایل بۆ یەكەكان دابین دەكەن، ئێمەش ھەندێك مێگاوات كارەبایان پێ دەدەین".
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە بێ بەرامبەر كارەبا نادەین بە بەغدا و مەرجی خۆمان ھەیە، كە ئەویش دابینكردنی گازوایلە بۆ یەكەكانی ئێمە، چونكە ئەو وەحدانە ئەگەر كاریش نەكەن، پێویستە ئێمە كرێ بدەین بە كۆمپانیاكانی بەرھەمھێن، هەر بۆیە ئەو رێككەوتنە لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەكرێت".
بڵند ئیبراھیم




