ئەمڕۆ دھۆك پێشوازی لە گەشتیاران دەكات

دهۆك-KDP.info- ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای دھۆك پێشوازی لە گەشتیاران دەكرێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە شوێنە گەشتیارییەكان داخرابوون.
دیندار مەحفووز، بەرپرسی بەشی كۆمپانیاكان لە گەشتوگوزاری دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دھۆك ٨٠ كۆمپانیا و نووسینگەی گەشتوگوزار ھەن و ساڵانێكە كار بۆ ھێنان و بردنی گەشتیار دەكەن، دوای ھەڵگرتنی قەدەغەی ھاتوچۆش، لەمەودوا كۆمپانیاكان دەتوانن لە ھەموو ناوچەكانی ھەرێمی كوردستانەوە گەشتیار بۆ شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای دھۆك بێنن".
بەرپرسەكەی گەشتوگوزاری دھۆك ئاشكرای كرد: "ساڵی رابردوو ٥٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری دھۆكیان كردبوو، پلانمانیشمان دانابوو ئەمساڵ ٧٥٠ ھەزار گەشتیار بێنە دھۆك، بەڵام بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پلانەكە جێبەجێ نەكرا".
مەحفووز دەشڵێت: "ئەمساڵ تەنیا ھەندێ گەشتیار لە دوو مانگی یەكەمدا سەردانی دھۆكیان كردبوو، دواتر راگیرا و ئێستاش گەشتیاران دەتوانن بەپێی رێنمایی خۆپارێزی سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی دھۆك بكەن، كە ھەموو ئاسانكارییەكیش بۆ گەشتیاران دەكرێت".
قائید میرۆ




