قادر قەچاخ: کۆچی پێچەوانەی شنگالییەکان بەڕێوەیە

شنگال -KDP.info- ئەو ئاوارانەی ڕۆژانی ڕابردوو گەڕابوونەوە شنگال ئێستا داوا دەکەن بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان و بەرپرسی لقی پارتی لە شنگال دەڵێ، ڕەوشی شنگال گونجاو نییە بۆ ژیان و ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە، ئیدارەی شەرعی و خەڵکیش دەگەڕێنەوە.
قادر قەچاخ، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "ئەگەر ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم ئاسایی بکرێتەوە و پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ شنگال ئەوکات ئیدارەی شەرعیش دەگەڕێتەوە بۆ شنگال و ژیان ئاسایی دەکرێتەوە، بەپێچەوانەوە خەڵکی ناوچەکە بەھۆی نەبوونی گەرەنتی و ئاڵۆزیی ڕەوشی ئەمنییەوە ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنەکانیان."
پەیوەست بە گەڕانەوەی ژمارەیەک ئاوارە لە ماوەکانی ڕابردوودا، بەرپرسەکەی پارتی لە شنگال گوتی: "تەنیا ٢%ی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە شنگال، ئەوانیش دەوامیان لە شنگالە و بەھۆی قەدەغەی ھاتوچۆ و گرتنی ڕێگا بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەیاندەتوانی ھاتوچۆ بکەن."
قەچاخ جەختی کردەوە: "ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە شنگال ئێستا زۆر پەشیمانن و داوا دەکەن بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان، ھەر ئەمڕۆ ژمارەیەک لەو ئاوارانە پەیوەندیین پێوە کردین و گوتیان ئەگەر ڕێگە ھەبێت دەگەڕێینەوە، چونکە لە شنگال ھیچ ئارامییەک بۆ ژیان نییە."
قادر قەچاخ ڕوونی کردەوە: "بە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە ئارامی دەگەڕێتەوە و خەڵکیش دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان، جگە لە کورد، ھەتا عەرەبی ناوچەکەش داوای ھێزی پێشمەرگە دەکەن بۆ پاراستنیان."
قائید میرۆ




