٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ڕێکاری پێویست بەرامبەر نووسینگەکانی کەناڵی NRT گیراوەتەبەر"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- لە هەرێمی کوردستان کاری ڕۆژنامەوانی و ئازادیی ڕادەربڕین بە یاسا ڕێک خراوە، بەم پێیەش سەدان کەناڵی ئاسمانی و لۆکاڵی و ڕوژنامە و گۆڤار و ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی بە ئازادی کارەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن، بەڵام هەندێک لەو کەناڵانە بە سوودوەرگرتن لەو ئازادییە و بە هاوکاری و هاندانی کەسانێک دەیانەوێ ئەزموونی حوکمڕانیی هەرێم و بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگا ناشیرین بکەن.

لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: ماوەیەکە بە سوودوەرگرتن لە ئازادیی کاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان چەند کەس و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بە هەموو شێوەیەک دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستان ڕەفتار دەکەن بێ گوێدانە هیچ بەهایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی، تەنانەت ڕێزیان بۆ پیرۆزییەکانیش نەهێشتووەتەوە، لەوانەش کەناڵی NRT و شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی ئەم کەناڵە. ئەوەیشی ڕاگەیاند کە شاسوار عەبدولواحید لە ڕێگای ئەم کەناڵەوە لە پرسە چارەنوسسازەکانی کوردیشدا وەک پرۆسەی ڕیفراندۆم دژی ویستەکانی گەلی کورد وەستایەوە و لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان کەمپینی دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕێک خستبوو. لە لایەکی ترەوە، لە گەرمەی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە کاتێکدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بوون، کەناڵەکەی هانی خەڵکی دەدا بۆ نانەوەی ئاژاوە بە بیانووی دواکەوتنی مووچەوە.

دیندار زێباری هەروەها گوتی: چەندین جار دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شاسوار و داخستنی کەناڵەکەی دەرکردووە، لەوانە بە تۆمەتی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، لە لایەکی دیکەوە، داواکارى گشتى لە مانگی شەشی ئەمساڵدا داوای ئەوەی کردبوو لەبەر بەرژەوەندیى هاووڵاتیان و هێورکردنەوەى بارودۆخى ناوخۆى هەرێم و سەرپێچیکردن لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی لە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە پێویستى دەزانن کەناڵەکانى ئێن ئاڕ تى کوردى و عەرەبى بە یەکجاری دابخرێن. هەروەها پێشتریش بەهۆی سەرپێچیکردن لە یاسا و ڕێنماییەکان کەناڵەکە بۆ ماوەی کاتی داخرابوو.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها ڕایگەیاند، کەناڵیNRT بە بەردەوامی بە ئاقارێکی زوور خراپدا ڕۆیشتووە لە هاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و گومان دروستکردن لەسەر بوونی نەخۆشیی کۆرۆنا دوور لە یاسا و پێچەوانەى ماددەی سێیەم، بڕگەى سێیەمە لە ڕێنماییی ڕێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان (رێنماییی مۆڵەتی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ). وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەرێوەبەرایەتیی گشتی و ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە بەشی یاسا لە ٣/٦/٢٠٢٠ کەنالی ناوبراوی ئاگادار کردووەتەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوازە لە ڕاگەیاندن پێویستە ڕابگیرێت و ڕەچاوی بارۆدوخی هەرێمی کوردستان بکرێت بەپێچەوانەوە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ناچارن ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کەناڵی ئاسمانی NRT بگرنەبەر. بۆ ئەم مەبەستە لەم دواییەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری لەسەر داوای داواکاری گشتی سکاڵای تۆمار کردووە لە دادگا و ڕۆژی ٩/٩/٢٠٢٠ دیاری کراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکە.

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئازادیی كاری ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایشیگەیاند: بەپێی یاسای ڕۆژنامه‌نووسی ژماره‌ (٣٥)ی ساڵی (٢٠٠٧)، لەم یاسایەدا گشت ئەرك و مافەكانی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دیاری كراوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە ئازادییەكان و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەدات لە هەر ئاستێكدا بێت، بەتایبەتی لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا، بەڵام لە هەمان كاتدا ناكرێ پیشەی ڕۆژنامەنووسی ببێتە هۆكارێك بۆ بەزاندنی ئازادیی كەسانی تر و هۆكارێك بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.

شایانی باسە بەپێی ڕینماییی ژمارەى (٢) وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان تایبەت بە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن لە کاتی پابەندنەبوونیان بە یاسا و ڕێنماییەکان و ناوزڕاندن و سووکایەتیکردن بە خەڵک و ڕەمزەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان، هەروەها بڵاوکردنەوە و هاندانی خەڵک بۆ گێرەشێوێنی و توندوتیژی، بۆ جاری یەکەم کەناڵەکە دادەخرێت بە مەرجێک لە ٧٢ سەعات زیاتر نەبێت و جاری دووەم لە هەمان ساڵدا لە هەفتەیەک زیاتر نەبێت و جاری سێێەم بە یەکجاری کەناڵەکە دادەخرێت و جارێکی دیکە بەم ناو و لۆگویە موڵەتی پێ نادرێتەوە. کەناڵی ناوبراو ئەمساڵ چەندین جار سەرپێچی ئەم ڕێنماییانەى کردووە. لەم ڕووەوە ڕێکاری پێویست بەرامبەر نووسینگەکانی کەناڵی ئاسمانی NRT گیراوەتەبەر لە شارەکانی هەرێم بۆ ڕاگرتنی هاندانی توندوتیژی و گێرەشێوێنی و تێکدانی ئارامیی هەرێمی کوردستان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار