پێکهاتەکان: لە عێراقدا بووینە قوربانیی هزری توندڕەوی..لە کوردستان پارێزراوین

دەشتی نەینەوا - KDP.info - پیکهاتەکان دەڵێن ئەوان لە عێراقدا بوونەتە قوربانیی جیاوازیی ئایینی و بەهۆی بنەمای ئایینی و ئەتنیکییەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، بەڵام لە کوردستاندا پارێزرا بوون.
٢٢ی ئابی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانیی قوربانیانە، ئەوانەی لەسەر بنەمای ئایینی و ئەنتیکی بوونەتە قوربانی و توندوتیژی بەرامبەریان کراوە.
لەو بارەیەوە، عیماد باجەلان، چاودێری سیاسی لە دەشتی نەینەوا، لە پێکهاتەی باجەلان دەڵێت: ''ئێمەش بووینەتە قوربانیی هزری توندڕەویی داعش و پێشتریش لەسەر دەستی ڕێکخراوەکانی قاعیدە خەڵک لە دەڤەرەکە بووەتە قوربانی."
باجەلان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "خەڵک لە ڕووی ماددی و گیانییەوە قوربانیی زۆریان داوە و هزری توندڕەویی لە ناوچەکەدا بەرفراوانتر بووە."
ڕەجەب کاکەیی دەڵێت: "بیری توندڕەوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی لە چەند تەوەرێکدا دەبینتەوە، توندڕەوی لەلایەن دەوڵەتەوە کە بەهۆی یاساوە کاری پێ دەکەن و بۆ نموونە ئەو حکوومەتانەی دیکتاتۆرن، دەیانەوێ بە یاسا کار بۆ توندڕەوی بکەن."
کاکەیی, شارەزای کاروباری کاکەییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "عێراق لە دامەزراندنییەوە ئیعترافی بە هەندێک ئایین نەکردووە، لەوانەش کاکەیی و، لە دەستووری ١٩٢٥دا و تا ئێستاش ئەو ئایینانە موڕتەدن و شەرعیەت بە هزری توندڕەوی دەدرێت تا ئیبادەیان بکەن."
کاکەیی دەڵێت: "لە ڕووی فەرهەنگییشەوە هەندێک کەس هەن بە خراپی کتێب و نووسینیان لەسەر پیکهاتەکان نووسیووە و ئەمەش شێوازی توندڕەووییە"
"ئێمە سەرەتا قاعیدە و دواتر داعش و ئیستاش بە شیعەکردن، بەڵام ئێستا لە کوردستان هەنگاوی دلخۆشکەر بۆ کاکەیی هاویشتراون، لە یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠١٥ باسی کاکەییەکان کراوە و کاکەییەکان بە ئازادانە ڕێوڕەسمی ئایینی بەڕێوە دەبەن.'' کاکەیی وای گوت.
حسێن عەلی حاجی، سەرۆکی ڕەوتی ئازادیخوازی کوردانی شەبەک دەڵێت، ئەوان لە دەشتی نەینەوا چەندین قوربانیان داوە و ئێستا چەندین کەسیان لێ بێسەروشوێن کراوە و داعش ڕفاندوونی و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.
حاجی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە دوای ٢٠٠٣ و تا ٢٠١٤ لە خەڵکی شەبەک ١٣٠٠ کەس بوونەتە قوربانی و ئیستاش زیاتر لە ٢٠٠ کەس بوونەتە قوربانی."
"ئێمە هاتووینە کوردستان و لە کوردستان پارێزراو بووین و سەرۆک بارزانی پشتیوانیی تەواوی بۆ شەبەک دیار کرد و گوتی قبووڵ ناکەین بە هیج شێوەیەک ناوچەکانی شەبەک و کوردستان لێک جیا بکرێنەوە."
جەعفەر سمۆ، دەڵێت: "ئێزدییەکان لە ناوچەکانی عێراقدا قوربانیی هەرە گەورەیان داوە و ئێستا لە ناخۆشترین کاتدان و ئیستاش هزری توندڕەوی دژیان بەکار دەهێنن، هەمووشیان ئاوارەن و نایانەوێت بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە."
سمۆ، بەڕێوبەری کاروباری ئێزدیانە لە دهۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "کوردستان شوێنی ئارامی ئیزدییانە و لە کوردستان بەئازادی ڕێوڕەسمی خۆمان دەکەین و هەرێمی کوردستان تاکە شوێنی پاراستنمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا."
هاوکات هەیسەم پترس، شارەزای کاروباری مەسیحییەکان دەڵێت: "مەسیحییەکان لە عێراقدا لە خراپترین ڕەوشدان و بوونەتە قوربانیی جیاوازیی ئایینی."
پترس بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئێستا هەموو مەسیحی هاتوونە هەرێمی کوردستان و لیرە پارێزراون، خەڵک بە ئازادانە لە هەرێمی کوردستان دەژین.''
کاروان باعەدری




