ئیبراھیم برۆ: ئەم ھەفتەیە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا کۆ دەبێتەوە

رۆژئاوای کوردستانKDP.info_ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ''ئەنەکەسە'' ڕەتی دەکاتەوە کە کورد بەشداریی پێ نەکرێت لە گفتوگۆکانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و دەڵێت، ٢٤ی ئەم مانگە دوای ماوەیەکی زۆر کۆبوونەوەی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور بە بەشداریی نوێنەری ''ئەنەکەسە'' لە جنێف بەڕێوە دەچێت و ڕۆڵێکی گرنگیشیان لە نووسینەوەی دەستوور دەبێت و داکۆکی لەسەر مافی کورد دەکەن.
سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و ئەندامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەو ئەنجومەنە، ئیبراھیم برۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "٢٤ی ئەم مانگە کۆمیتەی بچووکی نووسینەوەی دەستوور کۆ دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی کۆمیتەی گەورە ١٥٠ کەسە و ئەوەی بچووک ٤٥ کەسە و ھەرلایەنێک ١٥ کەسە؛ ١٥ کەسی ئۆپۆزسیۆن، ١٥ کەسی ڕژێم و ١٥ کەسی کۆمەڵگەی مەدەنی. ئێمە لەناو ئۆپۆزسیۆن نوێنەری خۆمان ھەیە و ئەمڕۆ بەرێ دەکەون بۆ جنێف بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەم ھەفتەیە و بەناوی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد بەشدارین."
ئیبراھیم برۆ گوتیشی: "ئەوەی کە بڵاو کراوەتە کە چیتر کورد بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا ناکات، ڕاست نییە و ئێمە بەفەرمی بەشدارین و لە نووسینەوەی دەستووریشدا ڕۆڵمان دەبێت و داکۆکی لەسەر مافەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین."
برۆ باسی لەوەش کرد: "ساڵی ڕابردوو مانگی ١١ کۆبوونەوە کرا کە بەردەوام بین لەسەر گفتوگۆ بۆ نووسینەوەی دەستوور، بەڵام ناکۆکی دروست بوو و دواتریش شەش مانگە بەهۆی کۆرۆناوە کۆبوونەوە نەکراوە، ئەمەی ئێستا دەکرێت کۆبوونەوەیەکی گرنگە و شاندی ئەمەریکا و ڕووسیا و تورکیا لەسەر ئاستی باڵا و شاندی ڕووسیا و تورکیا لەسەر ئاستی جێگری وەزیری دەرەوە بەشدار دەبن و ئەوەی ئەمەریکاش جیمس جیفری، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لە سووریا بەشداری دەکات، بۆیە سێ شاندی گرنگ بەشداری لەو کۆبوونەوەیە دەکەن کە کوردیش تێیدا بەشدارە."
چەند میدیایەک دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە کە کورد لە کۆبوونەوەی ئەم جارەی گفتوگۆکردن بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا بەشداریی پێ ناکرێت، بەڵام ئەنەکەسە ئەو دەنگۆیە ڕەت دەکاتەوە.
بڵند ئیبراھیم




