٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرەڤان حەمدی: مووچەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بەتەواوی دابەش دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەم مانگەش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت و ئەنجومەنی وەزیران مووچەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بەبێ لێبڕین دابەش دەکرێت و ھیچ بڕە پارەیەک لە مووچەیان نابڕدرێت.

بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەرەڤان حەمدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "مووچەی کەسوکاری شەھیدان و شەھیدانی سەنگەر و جینۆساید و ئەنفال و شەھیدی نیشتمانی، وەکو مانگی پێشوو ١٠٠% و بەبێ لێبڕین دابەش دەکرێت."

بەرەڤان حەمدی گوتیشی: "لیستی مووچەی ئەوانمان ئاراستەی  خەزێنەکان کردووە و وەکو خۆی دابەش دەکرێت، ئەمەش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمەش وەکو خزمەتێک بۆ ئەو خەڵکەی قوربانییان داوە، بۆیە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان."

گوتیشی: "دابەشکردنی مووچە دەستی پێ کردووە و ئەم ھەفتەیە تا ھەفتەی داھاتوو مووچەکەیان دابەش دەکرێت."

ئەمەش لە کاتێکدایە دەنگۆی ئەوە بڵاو کراوەتەوە کە گوایە ٢١% مووچەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان دەبڕدرێت، بەڵام وەزارەتی شەھیدان ئەوە ڕەت دەکاتەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە مووچەیان بەتەواوی دەدرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار