لیوا قارەمان: بڕیارە سەردانی بەغدا بكەین و ئەو شەش بنكە یەكلا بكەینەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گفتووگۆكردن لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، بڕیارە بۆ رێككەوتن لەسەر دروستكردنی شەش بنكە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكان، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا بكات و رێككەوتنیش لەسەر دروستكردنی بنكەكان كراوە.
لیوا قارەمان كەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیارە شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و دەست بەگفتوگۆ بكات لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە ناوچە كوردستانییەكان ھەن، چونكە رێككەوتن كراوە شەش بنكە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش دروست بكرێن.
ناوبراو گوتیشی، بڕیارە شەش بنكە دروست بكرێن، كە دوو بنكەی گەورە لە ھەولێر و بەغدا و چوار بنكەی بچووكیش بۆ ژووری ھاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكان دروست دەكرێن، كە ئەوانیش بریتین لە كەركووك و دیالە و مووسڵ و مەخموور.
دەشڵێ ، لەسەر دروستكردنی شەش بنكە گەیشتوونەتە رێككەوتن تەنھا ماوە لەسەر وردەكارییەكان بگەنە رێككەوتن، كە لە ناوچە كوردستانییەكان لە چ شوێنێك بنكە دروست بكەن و لەم كۆبوونەوەیەشدا ھەوڵ دەدەن ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە.
لیوا قارەمان ئاماژەشی دا، كاری ئەو بنكانە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشە دژی داعش لە ناوچە كوردستانییەكاندا.
بڵند ئیبراھیم




