٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایان و چاودێران: ڕێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا دەبێتە ڕیگەچارەی خاوبوونەوەی گرژییەکان و کۆتاییی قەیرانی دارایی

سەرچاوە: KDP.info

سلیمانی-KDP.info-  مامۆستایانی زانکۆ و چاودێران لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان هەریمی کوردستان و بەغداد لەسەر ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەریمی کوردستان دەڵێن، ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا دەبێتە ڕیگەچارەی خاوبوونەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان و کۆتاییی قەیران و ڕیکخستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەریم، ئەمەش بێگومان هەوڵ و هیممەتی لێبڕاوانەی سەرۆکایەتیی کوردستانە، کە هەمیشە سوور بوون لە چارەسەری کیشەکان.

نەوزاد شیخ کامیل، سه‌رۆكی لقی سلێمانیی سه‌ندیكای ئابوریناسانی كوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە دروست ببوو لە چەند مانگی ڕابردوودا کە هۆکارەکەی هاتنی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت بوو، کە وای کرد قەیرانێکی ئابووری لە هەموو جیهاندا سەرهەڵ بدات، بیگومان هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبوو لەو قەیرانە، بەڵام لەپاش ئەو قەیرانەی  لە جیهاندا سەری هەڵدا، حکوومەتی ناوەندییش وەک پیشەی هەمیشەیییان ئەو بارودۆخەی قواسته‌وه‌ و جارێکی تر هەوڵی سزای خەڵکی هەرێمی کوردستانی دا، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە ئەمساڵ تەنها چەند مووچەیەکی  نیوەناچڵی نارد کە چارەکێکی ئەو پارەیە نەبوو کە لە ڕابردوودا دەینارد، بۆیە ئەمەش وای کرد گرفتە ئابوورییەکان زیاتر بن و خەڵکی کوردستانی تەواو ماندوو کرد و بیبزارییەکی زۆری خستە بازاڕەوە و هەژاریی زیاد کرد و وای لێ هات هەرێمی کوردستان هەموو خەمێکی بوو بەوەی چۆن مووچەی مووچەخۆران دابین بکات."

نەوزان شیخ کامیل گوتیشی: "سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و خودی سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە هەوڵ و پەیوەندیی بەردەوامدا بوون لەگەڵ حکوومەتی ناوەند و هەوڵی تەداخولی وڵاتانی وەک ئەمەریکا و فەرەنسا بۆ فشارکردنە سەر حکوومەتی ناوەند بۆ ئەوەی کە شەوی ڕابردوو بریار درا 320 ملیار دینار بنێرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئەو داهاتەی هەیە بتوانن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکەن، بە دڵنیاییەوە هەر بڕە پارەیەک کە دێتە هەرێمی کوردستانەوە بووژانەوەی ئابووری و بازاڕی پێ دروست دەبێ، چونکە ئەو بڕە پارەیە ناچێتە گیرفانەوە، بەڵکو دەچێتە بازاڕەوە و مامەڵەی پێوە دەکرێت و بازرگان و خەڵکی کاسب سوودمەند دەبن، بۆیە ئەم قەیرانە کۆتاییی پێ دێت و لە ڕووی دەروونییشەوە خەڵک ئاسوودە دەبن."

کارزان سەلام، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "بەداخەوە سەرجەم قەیرانەکان کەڵەکە بوون و هەر لە سالی 2014وە تا کابینەی نوێی حکوومەتی ئێستا کۆمەڵێ شتی سروشتی و ناسروشتی دروست بوون، بەشێک لە قەیرانەکان سروشتی و بەشێکیان سیاسی و بەشێکیان ئابووری و کۆمەڵایەتین کە دۆخەکەیان گەیاندە دۆخێکی مەترسیدار کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان گرژی و ئاڵۆزییەک هەیە کە موزایەدە و ململانێی سیاسی گه‌یشتووەته‌ ئاستیکی مەترسیدار، بەڵام ئەوەی جێگەی ئومێد و دڵخۆشییە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەند گەییشتوونەتە قۆناغێک کە قۆناغی ڕێککەوتنە، ئەمەش بەشێک لە قەیرانەکان چارەسەر دەکات کە قەیرانی داراییە، چونکە ئەو قەیرانەی پەیدا بووە وابەستەیە بە کێشەی ئابووری و داراییی خەڵکەوە، چونکە دابینکردنی مووچە بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر دەکات، تەنانەت کێشە سیاسییەکانیش دەڕەوێنێتەوە و چاوی ئومێدی خەڵک لەسەر ئەوەیە ئەم  کابینەیە گرژییەکان کۆتایی پێ بهێنێت و ئەم ململانێ دوورودرێژەی هەیە لەگەڵ حکوومەتی ناوەند کۆتایی پی بێنێت و بگاتە ڕێککەوتنی كۆتایی. بەدڵنیایی جێگەی دڵخۆشی دەبێت و هەموو خەڵکی کوردستان چاوی لەسەر ئەوەیە تا چەند ئەو ڕێککەوتنە بەردەوام دەبێت و جێبه‌جێ ده‌كرێت."

سەلام گوتیشی: "دەوڵەتی عێراق لە دروستبوونییەوە کێشەی کەمەنەتەوەی هەبووە و ئەم کێشانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد هەبووە، بەڵام تا ئێستا سەرۆکایەتیی کوردستان ڕۆڵی گرنگیان بینیوە بۆ نەهێشتنی مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان، ئەتوانم بڵێم بە هەوڵی دەرەکی و هاوکاریی هێزی ناوخۆیی چەند جار هەوڵ دراوە بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کە لە دوای ڕیفراندۆم بە چاوی خۆمان هەموویمان بینی و ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم سەلمێنەری ئەو هەوڵانە بوون."

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌، دڵشاد نامیق، مامۆستای زانکۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد گرنگیی خۆی هەیە بۆ هەردوولا، سه‌باره‌ت بە هەرێمی کوردستان ماف و شایستەی داراییی لای حکومەتی فیدراڵییە و ئەم ڕێکەوتنە دەبێتە دەرچەیەکی باش بۆ گەیشتن بە و شایستانە کە بێگومان کاریگەرییان لەسەر باشتربوونی بار و گوزەرانی هاووڵاتیانی کوردستان دەبێت و سەقامگیریی بەهێزتر دەکات، بۆ حکوومەتی عێراقیش گرنگە کە متمانە بۆ حکوومەت و خەڵکی کوردستان بگێڕێتەوە و وا بکات هەست بەوە بکەن وەک هاووڵاتیی ڕاستەقینە تەماشا دەکرێن و دەستوور پشتگوێ نەخراوە."

دڵشاد نامیق گوتیشی: "ئەم ڕێککەوتنە ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت دەبێتە زەمینەسازییەکی باشیش بۆ لێکتێگەیشتنی داهاتوو و کاری پێکەوەییی نێوان عێراق و کوردستان و لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمیشدا دەبێتە هەوێنی یەکڕیزی و کاری پێکەوەییی هێزە سیاسییەکان و بە یەک تیم کارکردنی حکوومەت، کە ئەمەیش گرنکیی خۆی هەیە."

 

زریان کەمال

 

هەواڵی پەیوەندیدار