لە زانکۆی سەڵاحەدین بەشی ئەندازیاریی فڕۆکەوانی دەکرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ڕایگەیاند، بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵ بەشی ئەندازیاریی فڕۆکەوانی بۆ بەکالۆریۆس، لە کۆلیژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەدین بە ھەماھەنگیی زانکۆیەکی ئۆكڕانی دەکرێتەوە. دەشڵێت، تەنھا دەرچووانی زانستی دەتوانن لە بەشەکە بخوێنن بۆ ماوەی چوار ساڵ، کە دوو ساڵی خوێندن لە وڵاتی ئۆکڕانیا دەبێت .
د. جەوھەر فەتاح، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "ماوەی دوو ساڵ دەبێت زانکۆی سەڵاحەدین ھەوڵ دەدات بۆ کردنەوەی بەشی ئەندازیاریی فڕۆکەوانی، خۆشبەختانە بۆ ئەمساڵ بەشەکە دەکرێتەوە و قوتابیانی دەرچووی بەشی زانستی دەتوانن بۆ خوێندنی ساڵی 2020-2021 لە بەشەکە بخوێنن."
د. جەوھەر ئەوەیشی ڕاگەیاند: "ئامامانج لە کردنەوەی بەشەکە بۆ ئەوەیە، کە فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان لە داھاتوودا دەتوانن بۆ ھەر پێدواویستییەکی فڕۆکەوانی سوود لە توانا و پسپۆڕیی ئەو کارماندانە وەربگرن."
ناوبراو دەشڵێت: "یەکێک لە زانکۆکانی وڵاتی ئۆکڕانیا دەستنیشان کراوە، یاریدەرەی سەرۆکی زانکۆی ئۆکڕانی سەردانی زانکۆی سەڵاحەدینی کردووە تا لە نزیکەوە پێدوایستییەکانی کردنەوەی بەشەکە ڕەچاو بکات، بەتایبەتی بوونی تاقیگەی تایبەت بە بوارەکە، ھەروەھا سیستەمی خوێندن لە قۆناغی یەكەم و دووەم لە زانکۆی سەڵاحەدین وانەکان دەخوێندرێن و قۆناغی سێیەم و چوارەم لە زانکۆیەکەی ئۆکڕانیا وانەکان دەخوێندرێن."
گوتیشی: "ژمارەی قوتابیان دیاری کراوە بۆ 35 قوتابی بە ڕێگای ئۆنلاین لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەتوانن کێبڕکێ بکەن لەسەر نمرەکان بۆ شێوازی وەرگرتن."
سیروان سابیر




