٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سازمانی خەبات، پارتی رەنجدەران، حزبی پێشكەوتنخواز و یەكێتیی نەتەوەیی، 16ی ئاب پیرۆز دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، پارتی رەنجدەرانی كوردستان، حزبی پێشكەوتنخوازی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی یادی ٧٤ ساڵە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكیان ئاراستەی پارتی كردووە.

دەقی پەیامی سازمانی خەباتی كوردستان

بەرێز/ جەنابی كاك مەسعوود بارزانی

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

لەگەڵ سڵاو

بە بۆنەی٧٤مین ساڵ رۆژی  دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وھەروەھا ٧٤مین ساڵرۆژی لەدایكبوونی بەڕێزتان، گەرمترین پیرۆزبایی بە جەنابتان و ئەندامانی سەركردایەتی و تێكڕای ھۆگرانی رێبازی پارتی دیموكرات و خەڵكی كوردستانی عێراق پێشكەش دەكەم.

هیوادارم بە ھۆی رێنوێنی و خەمخۆریی بەڕێزتان و لە سایەی تەبایی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، ئاشتی و پێشكەوتن و گەشەسەندن لە ھەرێمی كوردستان سەقامگیر و ھەمیشەیی بێ.

لەگەڵ پیرۆزبایی دووبارەی خۆم و ھاوباوەڕانم لە سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و رۆژی لەدایكبوونی جەنابتان.

سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران

سكرتێری گشتی

بابە شێخ حوسێنی

-------------------------------

دەقی پەیامی پارتی رەنجدەرانی كوردستان

لە یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ٧٤ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنیدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و تەواوی سەركردایەتی و كادر و جەماوەرە تێكۆشەرەكەتان دەكەین.

دیارە دامەزراندنی پارتی لە باشووری كوردستان وەك حیزبێك بە رێبەرایەتیی سەركردەی مەزنی گەلەكەمان خوا لێی خۆش بێت مەلا مستەفا بارزانی لەو ھەلومەرجەدا، دەستكەوتێكی گەورەی مێژوویی بوو بۆ بڵاوكردنەوەی بیر و ھۆشیاریی نەتەوایەتی  و برەودان بە گیانی كوردایەتی، ھەر ئەم جۆش و خرۆشە بووە مایەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و دەرئەنجامی  بەدەستھێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان دوای پیلانگێڕی و گەلەكۆمەكیی نێودەوڵەتی بۆ نسكۆپێھێنانی شۆڕش، گیانی بەرخودان و فیداكاری رۆڵەكانمانن بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو بارودۆخەی داسەپاوە و نەخوازراوە، كە جارێكی تر ورە و ئومێدی بۆ خەڵكی كوردستان گێڕایەوە و سەرلەنوێ  شۆڕش كڵپەی سەندەوە.

ھەڵبەتە پارتی دیموكراتی كوردستان بە ھاوبەشیی ھێز و لایەنەكانی تر، رۆڵێكی گرنگی گێڕا بۆ پێشڕەوایەتیكردن و ھاندان و ئاراستەكردنی خەڵك بۆ داكۆكیكردن لە مافە رەواكانی گەلەكەمان و پاراستنی دەستكەوت و سەروەرییەكانی، كە ئێستا زیاتر لە ٢٩ساڵە خاوەن دەسەڵاتی حوكمڕانیی خۆیەتی.

پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك ھاوبەش و لایەنێكی سەرەكی، خۆی بە خاوەنی دەزانێت و بەرپرسیارەتیی مێژوویی لەسەر شانە بۆ پاراستن و باشكردن و كامڵكردنی حوكمڕانی و گەیاندنی بە كەناری ئارامی و ئۆقرەیی ھەمیشەیی.

ڕاستە ئێستا گەل خاوەنی كیانێكی فیدراڵیی دەستوورییە، بەڵام لە ھەر كات زیاتر ھەڕەشە و پیلانگێڕییەكان لەلایەن دوژمنان و نەیارانیەوە بەردەوامە، ئەوە سەرەڕای ئاڵنگارییە نێوخۆییەكان بە تایبەتیش ناكۆكی و ناتەبایی نێوان پارتی و یەكێتی و قەیرانە داراییەكان و لە ھەمووشی مەترسیدارتر ناڕەزایی و بێمتمانەیی خەڵك لە بەرامبەر دەسەڵات بۆ چارەسەركردنی پرس و كێشە و تەنگەژە كەڵەكەبووەكان، كە رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندان.

بۆیە ئێمە لە پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان، داوا لە بەڕێزتان دەكەین لەم بۆنە مێژووییەدا دەستی تەبایی و یەكێتی و یەكگرتوویی بۆ ھەمووان درێژ بكەن و كۆتایی بەو دڕدۆنگی  و كەشە ناتەندروستە بھێنن، كە خەڵكی كوردستانی بێزار و پەرێشان كردووە، با پێكەوە و بە بەشداری و ھەماھەنگیی ھەموو لایەنەكان، بەرەوڕووی ھەموو ئاستەنگ و ھەڕەشە و پیلانگێڕییەكان ببینەوە و ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین.

دووبارە بەم بۆنە شكۆدارەوە پیرۆزبایی خۆمان ڕادەگەیەنین  و جەخت لەسەر پەیوەندیی دۆستانەی نێوانمان دەكەینەوە، بەو ئومێدەی لە ئایندەدا زیاتر پەیوەندییەكانمان پێش بخەین  و لە خزمەت گەلەكەماندا بین..

ھەر سەركەوتوو و سەرفراز بن ...

لەگەڵ رێزدا

دەقی پەیامی پارتی پێشكەوتنخوازی كوردستان

بۆ بەرێز/ پارتی دیموكراتی كوردستان

بابەت/پیرۆزبایی

دوای سڵاو و رێز...

بەڕێزان، ١٦ی ئاب رۆژێكە یاخود رێككەوتێكە لە ھزر و بیری خەڵكی كوردستاندا ھەمیشە لە یاددایە، ئەو رۆژەیە كە كوردستان و ناوچەكە بە بارودۆخێكی ناسك و ھەستیاردا گوزەری دەكرد و سەردەمی زێڕینی كۆماری كوردستان (مەھاباد) بوو ، وە ھەوری ڕەشی دوژمنانی كورد باڵی بەسەر بەشەكانی كوردستاندا كێشابوو، ئا لەو كاتەدا كۆمەڵێك خەڵكی تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەر لەنێوانیاندا بارزانی نەمر، شەرەفی دامەزراندنی  پارتێكی كوردییان ڕاگەیاند بە ناوی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئەوە رۆژێكە  لە رۆژە پڕشنگدارەكانی مێژووی خەباتی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان.

بۆیە ئێمەش ئەو رۆژە پیرۆزە بەرز رادەگرین و بەناوی خۆمان و سكرتێر و ئەندامانی  كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی ئەندامانی حزبەكەمانەوە، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی سەرۆك بارزانی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی  و یەك بەیەكی ئەندامانی پارتیتان، پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین و ھیوادارین ئەو یادە ببێتە مایەی چارەسەركردنی ھەموو كێشە و قەیرانەكان كە دوژمنانی كورد سەپاندوویانە بەسەر ھەرێم  و بە جۆرێك كە ئاشتی و ئارامی و یەكڕیزییان خستۆتە مەترسییەوە، كە دەكرێت لە روانگەی برا گەورەییەوە دەستپێشخەرییەك بكرێت بۆ كۆتاییھێنان بەو دۆخە نەخوازراوە، كە ئەمڕۆ بەرۆكی  بە خەڵكی كوردستان گرتووە، لە كۆتاییدا دەڵێین، دووبارە بەرز و پیرۆز بێت ئەم یادە شكۆدارە.

مەكتەبی سیاسیی حزبی پێشكەوتنخوازی دیموكراتی كوردستان

-----------------------------------

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:

برای بەڕێزمان جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی، رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانیی كوردستان

    سڵاوێكی برایانەی گەرم ...

    بە ناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بە بۆنەی رۆژی لەدایكبوونی جەنابتان و (74) حەفتاوچوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی و تەواوی كادر و ئەندامان و جەماوەری PDKدەكەین و هیوای بەردەوامی و پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.

 بێگومان لە كاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (PDK) دەكەینەوە، كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و، هەموو رۆژهەڵاتی ناڤین لە بەردەم كۆمەڵێ ئەگەر و پێشهات و گۆڕانكاریی مەزندان، بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم رەوشە پێویستیمان بە رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسیی كوردستان و یەكڕیزی و یەكدەنگیی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە، بۆ ئەمەش جەنابتان وەك هەمیشە دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر و مەزن ببینن، لەم پێناوەشدا ئێمە وەكو YNDKئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و پشتیوانییەكین.

لە كۆتاییدا؛ هیوای تەمەندرێژی و تەندروستییەكی باش بۆ جەنابتان و پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتر بۆ PDKدەخوازین و، جەخت دەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندیی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لە پێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان...

لەگەڵ رێز و خۆشەویستیی دووبارەماندا.

هەر بژین و سەركەوتوو بن بۆ كورد و كوردستان.

 

برای دڵسۆزتان

غەفوور مەخمووری                                                                                        سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK

                                                                                       16/8/2020

هەواڵی پەیوەندیدار