وەزارەتی تەندروستی: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار.. ژمارەی تووشبووان بەرەو ھەڵكشانە

هەولێر-KDP.info- بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار لە ھەرێمی كوردستان و تا دێت ژمارەی تووشبووان بەرەو ھەڵكشانە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێ، قەدەغەی ھاتوچۆ ئەگەرێكی بەھێزە، بەڵام ھێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە.
د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەوشی ھەرێمی كوردستان لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و ھیچ گەرەنتییەك نییە رەوشەكە بەرەو خراپتریش نەچێت، لەبەر ئەوە ھەموو ھەوڵەكان بۆ ئەوەن كۆنتڕۆڵ بكرێت و پێویستە ھاووڵاتیانیش زۆر پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی بن لە قۆناغی ئێستادا".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتیشی: "نەخۆشخانەكان پڕ بوونە و وەزارەتی تەندروستیش لە ئێستادا ھەموو پێداویستییەكی لە بەردەستە بۆ تووشبووان، ھەتا كارمەندی نەخۆشخانەكانی دیكە راھێنانیان پێ دەكرێت و رەوانەی نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا دەكرێن بۆ چارەسەركردن و چاودێریكردنی نەخۆش".
لەبارەی قەدەغەی ھاتوچۆوە، د. محەمەد روونی كردەوە: "دەسەڵاتی تەواو بە پارێزگاكان دراوە ئەگەر بە پێویستی بزانن قەدەغەی ھاتوچۆ رابگەیەنن و بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆش ئەگەرێكی بەھێزە، بەڵام ھێشتاش دەرنەكراوە".
قائید میرۆ




