٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی پیرۆزبایی حزب و لایەنە سیاسییەكان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- حزبی بزووتنەوەی چاكسازیی نیشتمان و حزبی شیوعی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەنی نەتەوەیی كلدانی، بە بۆنەی یادی 74 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، پەیامێكی پیرۆزباییان ئاراستەی پارتی كردووە. ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكانە:

دەقی پەیامی حزبی بزووتنەوەی چاكسازیی نیشتمان:

بەڕێز كاك مەسعوود بارزانی

بەڕێزان/ مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان

بابەت پیرۆزبایی

بە بۆنەی 74هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە گەرمی پیرۆزباییتان لێدەكەین، هیوادارین خەباتی بەردەوام مایەی خزمەتكردنی زیاتر بە گەل و نیشتیمان بێـت، ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی ئاڵۆزی سیاسی و ئابووریدا گوزەر دەكات، كە پێویستە هەوڵی جیددی بۆ چارەسەر و تێپەڕاندنی بدرێت، تێپەڕاندنی ئەو دۆخەش، یەكگرتوویی و یەكخستنەوەی ماڵی كوردی پێویستە، بۆیە لێرەوە و لەم بۆنەیەدا داواكارین (جەنابی كاك مەسعوود بارزانی) وەك بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی بێتە سەر خەت و میكانیزمێكی نیشتیمانی بگرێتە بەر بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتە سیاسی و ئابووری و ناوخۆییەكان، بە هاوكاریی (یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان) و گشت لایەنە تێكۆشەرەكانی تری كوردستان، بۆ ئەوەی گەلەكەمان لەو دۆخە ناهەموارەی ئێستا دەرباز ببێت و لە ڕووی نێودەوڵەتی و ناوچەییشەوە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی سەنگ و قورسایی خۆیی و كاریگەری ببێت لەسەر وەدەستهێنان (مافە دەستووریەكانی گەلی كوردستان). بەو شێوەیە ئارامی و ئۆقرەیی بۆ كوردستان دەگەڕێتەوە ‌و لە قۆناغی نائومێدی و قەیرانەوە دەچێتە قۆناغی ئومێد و گەشەكردن، بۆ دەستەبەركردنی ژیان و گوزەرانێكی شایستە بە خەڵكی ستەم لێكراوی كوردستان، وە پێویستە یەكخستنەوەی ماڵی كورد و یەكگرتنی هەموو هێز و تواناكان بخرێـتە گەڕ بۆ پاراستنی (گیانی هەرێمی كوردستان) و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتیمان، جارێكی تر پیرۆزیاییتان لێدەكەین و جەخت لەسەر یەكڕیزیی نیشتمان دەكەینەوە... شاد و سەركەوتوو بن.

ناوەندی باڵای/ بزووتنەوەی چاكسازیی نیشتمان

 

دەقی پەیامی حزبی شیوعی كوردستان:

بە ڕێز/ جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی

بەڕێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان

ب/ پیرۆزبایی

سڵاو و ڕێز...

بە بۆنەی (٧٤)ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتە تێكۆشەرەكەتان، پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ناوی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی حزبی شیوعی كوردستان، پیرۆزبایی گەرمی ئەو یادەتان لێ دەكەین و ھیوای سەركە وتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازین.

بەڕێزان.. لەكاتێكدا كە یادی ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەنەوە، كوردستان و ناوچە كەو جیھان بە بارودۆخێكی زۆر ھەستیار و مەترسیداردا دەڕوات، لەلایەك ڤایرۆسی كۆڕۆنا كە بووەتە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر ھەموو مرۆڤایەتی و لەلایەكی تر بارودۆخی سیاسی و ئابووری كە كاریگەری سەختی نێگەتیڤی كردووەتە سەر بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان، سەرەڕای بۆردوومانكردنی  ڕۆژانەی ناوچە سنوورییەكانمان لەلایەن دەوڵەتە دراوسێكان كە خەڵكی سڤیل دەبنە قوربانی و ناچار دەكرێن كە گوند و دێھاتەكان و ڕەز و باخەكانیان جێبھێڵن، ئەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی كردۆتە سەر بژێوی ژیانیان.

بەڕێزان... لەم قۆناغەدا پێویستە لایەنەكان كێشە و ناكۆكیەكانیان چارەسەر بكەن و بە یەكگرتوویی و یەكڕیزی ڕوو بەڕووی كێشە و قەیرانەكان ببنەوە، لە پێناو باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی كوردستان.

لەم بۆنەیەدا جارێكی تر جەخت لەسەر پتەوكردنی پەیوەندیی دێرینەی ھەردوو حزب دەكەینەوە.

دووبارە پیرۆزباییمان قبووڵ بفەرموون.

لەگەڵ ڕێزماندا

مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆكی ئەنجوومەنی نەتەوەیی كلدانی

رێزدار/ جەنابی سەرۆك كاك مەسعوود بارزانی

رێزداران/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان

بە بۆنەی یادی 16ی ئابی 1946، حەفتاوچوارەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان وەك سەركردایەتیی ئەنجوومەنی نەتەوەیی كلدانی ئاراستەی بەڕێزتان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و گشت ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەین، هیوادارین هەمیشە لە سەركەوتندا بن.

پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك یەكەمین پارتی سیاسی لە گۆرەپانی سیاسی كوردستان بە سەركردایەتیی بارزانی نەمر توانی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان بپارێزێ و پەرەی پێبدات و بیكاتە یەكێك لە شانازیەكانی گەلی كوردستان لە جیهاندا.

لە شەستەكان و حەفتاكان و هەشتاكان لە سەدەی رابردوو تاوەكو راپەڕینی مەزنی كوردستان لە بەهاری ساڵی 1991 بە هەزاران رۆڵەكانی نەتەوەیی (كلدانی سریانی ئاشوری) خەباتیان كرد و شەهید بوون لە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێناو ئازادی و سەربەستیی كوردستانیان و تاوەكو ئێستا بە هەزاران لە رۆڵەكانی میللەتەكەمان پابەندی ئەم رێبازەن كە (رەوتی شلاما)یان پێكهێنا بۆ خزمەتی میللەتەكەیان لە رێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەلای ئێمە وەك ئەنجومەنی نەتەوەیی كلدانی جێگای رێزن و پێكەوە بە شەراكەت لەگەڵیان و لەگەڵ هێزی نەتەوەیی دیكە (هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەییمان) دامەزراند كە گەورەترین هاوپەیمانی سیاسی و كوتلەی پەرلەمانی (كلدانی سریانی ئاشووری) مەسیحییە لە كوردستان و عێراقدا.

ئێمە لە ئەنجوومەنی نەتەوەی كلدانی بە شەراكەت و هاوبەشی راستەقینە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزەكانی دیموكراتدۆستی دیكەی كوردستان هەمیشە بێ ‌وەستان كار دەكەین لە پێناو چەسپاندنی بەها باڵاكانی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەی لە كوردستان و عێراق.

جارێكی تر گەورەترین پیرۆزبایی لە رێزدار جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و كادیر و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین، هیواخوازین كە خوای گەورە و میهرەبان وڵاتمان بەرەو دواڕۆژێكی گەشتر ببات بە هەوڵ و كۆششی گشت نیشتمانپەروەران.

لەگەڵ رێزدا

جنان جەبار حسێنی

سەرۆكی ئەنجوومەنی نەتەوەیی كلدانی

  

هەواڵی پەیوەندیدار