ئافرەتان: پارتی ھەمیشە توانای ئافرەتانی بەھەند وەرگرتووە
__2020_05_17_h20m22s24__HK__2020_08_16_h17m58s22__HK.jpg)
سلیمانی-KDP.info- ئافرەتانی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەڵێن، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە پارێزەری کوردستان بووە و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش سەلمێنەری ڕاستەقینەی ئەو پەیامە بووە بۆ گەلی کورد. دهشڵێن پارتی هەمیشە توانای ئافرەتانی بەهەند وەرگرتووە و پشتیوانی ڕاستەقینە بووە بۆ سەرکەوتن و گەشەی ئافرەتان لە سەرجەم بوارەکاندا بهبێ جیاوازی.
یادگار مەحموود، بەرپرسی ئهنجومهنی سلێمانیی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای دروستبوونییەوە ڕاستگۆ بووە لەگەڵ میللەتدا لە ڕووی ستراتیجییەوە لە هەموو قۆناغێکدا و بە گونجاندنی خۆی لەگەڵ قۆناغدا، کاتێک کە بارودۆخ و جیۆپۆلتیک گونجاو بووبێت، ئەم حزبە هیچ کاتێک کەمتر لەوەی کە مافی میللەتە داوای نەکردووە، ڕیفراندۆم باشترین بەڵگەیە بۆ سیاسەتی ڕاستەقینە و سازشنەکردن لەسەر مافی کورد و تێکۆشانی ئەو حزبە بۆ گەیشتنی ئەم میللەتە بە کەناری ئارام."
یادگار مەحموود گوتیشی: "ئەم حزبە ماڵی ئارامی هەموو پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکان بووە، هەروەها دەنگی ئافرەتیش بووە بۆ گەیشتن بە مافەکانی، هەربۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم حزب بوو کە ڕێکخراوی ئافرەتانی دامەزراند و ئافرەتان دەستکەوتی مەزنیان بەدەست هێنا، بۆیە دەڵێم بەرز و پیرۆز بێت ئەو یادە مەزنە لە سەرجەم هەڤاڵان و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ڕۆژی بوونی سەرۆک و ڕابەری نەتەوەییمان پیرۆز بێت."
ژیان جەلال، چالاكوانی بواری مافهكانی ئافرهتان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان لە دامەزراندنییەوە لەسەر دەستی بارزانی باوەڕێکی تەواوی بە پێگە و ڕۆڵی گرنگی ئافرەتان هەبووە لە خەباتی سیاسی و مەدەنیدا. لە سۆنگەی بەگرنگزانینی بەشداریی ئافرەتان لە ۱۹5۲ یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی دامەزراند, لەپێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و پێگەیاندنی کادری بەئەزموون و هۆشیار، هاوتەریب لەگەڵ خەباتی سیاسی کە ئافرەتان بەشێکی دانەبڕاو بوون لەم خەباتە تا بتوانن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهانگەراییدا خەباتی مەدەنیش پەرە پێ بدەن، ئەم هەنگاوە بە یەکەم هەوڵ دادەنرێت بۆ چەسپاندنی پرنسیپی یەکسانیی جێندەری."
ژیان جەلال گوتیشی: "لە سهردهمێكدا کە نەک تەنها لە کوردستان، لە ئەرورپا و وڵاتانی تری جیهانیش پرسی ئافرەت پرسێک بوو کە گرنگیی پێ نەدەدرا و دۆخی ئافرەت لەوپەڕی خراپیدا بوو. لە ساڵی ۱۹٦۰ لە کۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بۆ یەکەم جار ئافرهتێك بوو بە ئەندامی مەکتەبی ناوەندیی حزب کە خوالێخۆشبوو ''ناهیدە شیخ سەلام'' بوو، ئەمەش باوەڕی پتەوی بارزانی بەدەر دەخات کە ویستی ئەوەی هەبووە ئافرەتان لەناو جومگە و ناوەندەکانی بڕیاردان ئامادەیییان هەبێت و بتوانن بە لێوەشاوەییی خۆیان شانبەشانی پیاوان پلەکانی دەسەڵات ببڕن."
ههر لهو بارەیهوه، تەرزە محهمهد، چالاكوانی مهدهنی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پیرۆز بێت 74 ساڵ خەبات و شکۆ، پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و هەموو ئەندام و لایەنگرانی قوتابخانەی بارزانی نەمر دەکەم، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەم ڕێبازە پیرۆزە دادەنەوێنم، لەم ڕۆژە پیرۆزەدا خۆری میللەتێکی زوڵملێکراو هەڵات و پارتی خەرمانێکی پڕسەروەرییە لە مێژووی خەبات و قوربانیدانمان.''
تەرزە محهمهد گوتیشی: "ڕۆڵی ئافرەت لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا لەسەر دەستی ژەنەڕاڵی چیاکان، بارزانی نەمر، لە یەکەمین وێستگەی خەبات و تێکۆشان لەو قۆناغە سەخت و دژوارەدا ڕۆڵی ئافرەت و ئەرک و مافەکانی دیاری کرا و چەندین یاسا دژ بە زوڵم و ستەم بەرامبەر ئافرەت دەرچوو، لەو ساتەوە تاکو ئێستا لە هەموو ئۆرگانەکانی حزبدا ئافرەت بەشداریی پێ کراوە و ڕێژەیەکی باشی ئافرە بەشدارە لە حزب و حکوومەتدا، ڕۆڵی ئافرەتی کورد لەو مێژووە پرشنگدارەی کوردستاندا سەلماندویە کە ئازادی و سەربەخۆییی نیشتمان گرنگترین کاری سەرشانی ئەوان بووە و قوربانیدان لەپێناوی کوردستانیان بە پیرۆزترین ئەرکی خۆیان زانیوە و مەرگ لەو پێناوەدا شانازییە، بێگومان ئازادی و پێشکەوتنی هەر میللەت و نیشتمانێک بەستراوە بە ئازادی و پێشکەوتنی ئافرەتەوە، ئەم میللەت و نیشتمانە و ئافرەتی کوردی داینەمۆی خەباتی ئازادی و پێشکەوتنی کورد و کوردستانە و چۆن پێشمەرگە لە سنوورەکانی کوردستان دەجەنگن بۆ پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان و ڕۆڵەکانی ئاسایش و پۆلیس هێمنیی ناو شارمان دەپارێزن، ئەوانیش ڕۆڵیان ههیه لهناو حزب و حکوومەت بۆ پاراستنی هێمنی و پێکەوەژیان لە کوردستاندا."
زریان كهمال




