' پارتی توانی قەزییەی کورد بباتە مینبەرەکانی دنیا'

ڕووسیا-KDP.info- کوردانی سۆڤیەتی پێشوو پێیان وایە، پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی کردووەتە قەڵغان بۆ ئەوەی گەلی کورد هەمیشە پاراستوو بێت و ڕێگە نەدات دوژمن دەستدرێژی بکاتە سەر خاکی کوردستان و، کورد لە جیهان بناسرێت.
پرۆفیسۆر د. نادری نادرۆڤ، کەسایەتیی دیاری کورد لە سۆڤیەتی پێشوو کە لە کازاخستانەوە نیشتەجێیە دەڵێت: "مەلا موستەفا توانی بببێتە هێما و سیمبولی گەلی کورد لە دنیا و لە هاتنی بۆ سۆڤیەتی پێشووش لە ساڵی ١٩٥٧ـدا لە مۆسکۆ چاوم پێی کەوت، بە ئێمە دەگوت، ئامانجمان کوردستانی ئازادە، هەرچی زوو، یان درەنگ دەبێ بە مافی ڕەوای خۆمان بگەین و هیچ جارێکیش ئەم هێڵە بەر نادەین."
نادرۆڤ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە ساڵی ١٩٥٨ لە ئەرمەنستانەوە مەلا موستەفا هاتەوە عێراق، ئەوکات من هاتمە ئەرمەنستان، کەسێکی ئەرمەنی لەوێ بوو بە منی گوت لە دونیادا زۆر کەسانی کوردپەرەورم دیتوون، بەڵام هیچ کەس بە قەد مەلا موستەفا نەدیتووە کە بۆ سەربەخۆیی و بەدێهنانی مافی نەتەوەیی و نشتمانیی کورد کار بکات."
گوتیشی: ''بڕوامان بە ڕیبازی مەلا موستەفایە، چونکە کە دیتم زانیم ئەو کەسەیە ئامانجی ئەوەیە کورد و هیچ کەس سەری نەچەمێنێت و لە ساڵی ٢٠١٧ـشدا سەرۆک مەسعوود بارزانی توانی ئەو ڕێچکەیە بکاتە کردار و ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، ئەمەش باشترین بریاری دیرۆکیی کورد بووە."
دەشڵێت: "لەو ڕیفراندۆمەدا کورد توانیی بە جیهان بڵێت من دەمەوێ بریار لەسەر چارەنووسی خۆم بدەم، ئەمەش هەنگاوێکی گەورەی دیرۆکییە."
نادرۆڤ دەڵێت: "پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی دووربینە، ئامانجی کوردایەتییە و زیاتر لە حزب کار دەکات و بووەتە ماڵی گەورەی کوردان."
ئەکادیمسیەن، پرۆڤیسۆر، د. کنیازێ ئیبراهیم میرزەیۆڤ، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێونەتەوەییی دیاسپۆرای کوردان گوتی: ''پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە پارتییە توانیی خۆی لە هەموو کوردێکی دونیا بکاتە خاوەن و کار دەکات وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ کوردان دابنێت."
میرزەیۆڤ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بارزانی نەمر لە کاتی هاتنی بۆ سۆڤیەتی پێشوو توانیی شتی گەورە بۆ کورد بکات و هەر لەو ڕۆژەوە پارتی پشتگیری و پشتیوانیی کوردانی لە ڕووسیا و ئەرمینیا و جۆرجیا و تەواوی وڵاتانی سۆڤیەت کرد."
ئاماژەیشی دا: "ئێمە متمانەی گەورەمان بە پارتی و سەرۆک بارزانییە، چونکە توانیویە ناسنامەی کورد بە جیهان بناسێت و توانیویە قەزییەی کوردی بباتە مینبەرەکانی جیهان."
هاوکات، مامی مامۆی، سەرۆکی کۆمەڵی دۆستایەتیی کورد و ڕووسیا دەڵێت: "پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی وڵاتان کار بۆ بەهێزبوونی پێگەی کورد دەکات و توانیویە ببێتە دەنگی کوردانی جیهان."
ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دیتمان پارتی بە سەرۆک و کادیر و لایەنگرەکانییەوە لە سەنگەرەکاندا بوون و نەیانهێشت قەوارەی هەرێم لەنێو بچێت و پارتی توانیی دەنگی کورد بە جیهان بگەیەنێت."
كـــاروان بـــاعەدری




