د. بەشیر: بەم زووانە ھەرێم و بەغدا دەست بە گفتوگۆكان دەكەنەوە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەم زووانە ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا دەست بە گفتوگۆكان دەكەنەوە، چونكە ھیچ بەربەستێكی قورس لە بەردەمیان نییە بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن.
دكتۆر بەشیر خەلیل حەداد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دەستپێخەرییەكمان كردووە، كە ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان دەست پێبكەنەوە، چونكە چەند گفتوگۆ دوابكەوێت، زیانی بۆ خەڵكی كوردستان دەبێت".
حەداد گوتیشی: "داوامان كردووە بەپیر داوەكەمان بێن و دەست بە گفتوگۆ بكەن، چاوەڕێش دەكەین بەم زووانە گفتوگۆكان دەست پێبكەنەوە، چونكە بەربەستێكی قورس نییە كە نەگەنە رێككەوتن، بۆیە گفتوگۆكان دەست پێدەكەنەوە بۆ ئەوەی ھەردوولا بگەنە رێككەوتن".
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێ: "بە ھۆی پشووی پەرلەمان و تووشبوونی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتار و فەرمانبەرانی پەرلەمانی عێراق بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، تا 1/9 ناتوانین دەست بە كۆبوونەوەكان بكەینەوە، بە تایبەت لەبارەی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا".
بڵند ئیبراھیم




