کەریم لەتیف: ئەمڕۆ و سبەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان رادەگەیەنین

ھەولێر-KDP.info- ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی رادەگەیەندرێت و بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکانیش دەڵێ، حەق نەبوو ئەو ھەموو نمرەیە بە قوتابیان بدرێت وەک قەرەبووکردنەوە.
کەریم لەتیف، بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ یان بەیانی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ئاشکرا دەکرێن، دواتر وەک ساڵانی رابردوو مۆڵەت بە قوتابیان دەدرێت بۆ ئەوەی تانە لە ئەنجامی تاقیکردنەوە بدرێت، ئەوانەی گلەیان لە ئەنجامی کۆ نمرەی خۆیان ھەیە".
بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت: "بەبڕوای من ھەندێکی پێویست بوو قوتابیان قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام ھەندێکی پێویست نەبوو".
کەریم لەتیف گوتیشی: "وەزیری پەروەردە سیاسەتی وەزارەت دادەڕێژێ و لیژنەیەکی لەبارەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە پێکھێناوە و، دیارە ئەو باوەڕی وایە پێویستە قوتابیان قەرەبوو بکرێنەوە، وەزیر دەستەڵاتی رەھای ھەیە مادام وەزیری پەروەردە گۆڕانکاری کردووە دیارە پێویست بووە".
قائید میرۆ




