سه‌عدی پیره: پێوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ڕێگا ڕاسته‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه

ھەولێر-KDP. info- ئه‌مڕۆ 11ی ئاب له دووكان شاندی باڵای هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی و یه‌كێتی كۆ بوونه‌وه و ڕاگه‌یه‌ندراوێكی شه‌ش خاڵییان بڵاو كرده‌وه، ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیش ده‌ڵێت، پێوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی شاڕێگه‌ی خۆی گرتووه‌ته‌وه و دیمان ناكۆكییه‌كانمان زیانی ده‌بێت بۆ كوردستان.
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئه‌و ماوه‌ی پێوه‌ندیی پارتی و یه‌كێتی جۆر نه‌بوون، برینه‌كانی قووڵتر كرد و چاره‌سه‌ری نه‌كرد، بۆیه لە كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا یه‌كێتی و پارتی بڕیاریان داوه پشتیوانی له حكوومه‌ت بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان."
سه‌عدی پیره گوتیشی: "پارتی و یه‌كێتی به یه‌كه‌وه ئاسانتر ده‌توانن به‌ره‌نگاری قه‌یرانی دارایی و ئه‌منی و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر كوردستان ببنه‌وه، ئه‌مڕۆ جێگای داخه ده‌بیستین له ئه‌نجامی هێرشی فڕۆكه‌كانی توركیا خه‌ڵك شه‌هید بوون، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێشیش لە ناوچه‌ی شارباژێر خه‌ڵك شه‌هید بوون، بۆیه بۆ پاراستنی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان یه‌كڕیزیی خه‌ڵكی كوردستان زۆر گرنگه".
پیره زیاتر گوتی: "چاره‌سه‌ركردنی مووچه و بژێوی خه‌ڵك له كاره لەپێشینه‌كانی هه‌ردوو حزبه، خه‌ڵك چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه سه‌ری مانگ بژێوی ژیانی هه‌بێت و مووچه‌كه‌ی وه‌ربگرێت به هاوكاریی یه‌كتری له ڕێگه‌ی حكوومه‌تەوە ده‌بێت شایسته داراییه‌كان له حكوومه‌تی عێراق وه‌ربگرێت".
زیاتر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد: "پارتی و یه‌كێتی ڕێكکه‌وتننامه‌ی ستراتێژی و ڕێکكه‌وتننامه‌ی سیاسی و ڕێكه‌وتننامه‌ی ئیداریمان هه‌یه، ده‌ست بگرین به ڕێكه‌وتنه‌كانی نێوانمانه‌وه ده‌توانین ڕاسته‌وڕاست قسه له‌گه‌ڵ یه‌كتری بكه‌ین، ده‌بێت هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ین پێوه‌ندییه‌كانمان زیاتر پته‌و بكه‌ین و خزمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆمان بكه‌ین تاكه سه‌روه‌ت و پشتیوانمانه".
به‌دڵنیاییه‌وه پێوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی كه‌وتووه‌ته‌وه سه‌ر شاڕێگه‌ی خۆی، ناكۆكیی نێوانمان درێژه‌ی كێشا و زه‌ره‌ری دا له پرسی سیاسی و بۆ گه‌لی كورد زه‌ره‌ری ئابووریی هه‌بوو، ناكۆکی نێوانمان دەرگا و په‌نجه‌ره ده‌هێڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یاره‌كان زه‌فه‌رمان پێ به‌رن، له ماوه‌یه‌كی تر له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تری گرنگی پارتی و یه‌كێتی به‌ڕێوه ده‌چێت.'' سه‌عدی پیره وای گوت.
عه‌زیز ڕه‌سووڵ




