سەربەست مستەفا ئامێدی بۆ KDP.info باسی هەڵبژاردن و یاساکانی دەکات

دهۆک-KDP.info- سەرۆکێ پێشووی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هەڵبژاردنی پێشوەخت پەیوەستە بە هەندیک شەرت و مەرجەوە، مەرجی یەکەم دەبێ یاسای هەڵبژاردن لەبەردەستی کۆمیسیۆندا بێت، چونکە ئەم یاسایە تەواو نییە.
سەربەست ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "تا ئێستا یاسای هەڵبژاردنەژانی عێراق تەواو نییە، چونکە تا ئێستا بازنەی هەڵبژاردنەکان و سیستمی هەڵبژاردنەکان لە پەرلەمانەوە تەواو نەکراوە و پێویستە تەواوی بکەن و سەرۆککۆمار ئیمزای بکات و لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقدا بڵاو بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە یاسا."
گوتیشی: ''تا ئێستا دیار نییە عێراق بە کامە یاسا هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات، بەڵام دەتوانن بەپێی یاسای کۆن هەڵبژاردن بکەن، مەرجی دووەمیش پێویستە بودجەی هەڵبژاردنەکە پێش شەش مانگ بۆ کۆمیسیۆن ڕەوانە بکرێت تا بتوانن ئامادەکاریی خۆیان بکەن."
ئاماژەیشی دا: "دەبێ ئەنجومەنی نوێنەران چارەسەر بکرێت، ئەویش بەپێی ماددەی ٦٤ی دەستوور و بڕگەی یەکەم دەڵێ سەرۆکوەزیران بە ڕەزامەندیی سەرۆککۆمار دەتوانن داخوازیی ئەوە بکەن ئەنجومەنی نوێنەران پرسی خۆیان چارەسەر بکەن، یان بۆ بڕیاردان دەبێت زۆرینەی ڕەها دەنگی لەسەر بدەن و ئەمەش قورسە، چونکە ئەندامان نایانەوێت خۆیان لە شایستە و پلەکانی بێبەش بکەن."
هەندێک لایەن دەڵێن پێویستە زووتر لەو کاتەی سەرۆکوەزیران هەڵبژاردن بکرێ، سەربەست مستەفا دەڵێت: "قورسە زووتر لەو کاتە بکرێت، بەڵام ئەگەر نیەتێکی باش هەبێت ئەوا لە کاتی خۆیدا دەکرێت کە لە ڕۆژی ٦/٦/٢٠٢١ ـدایە."
سەرۆکێ پێشووی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: ''بەر لە ئێستا هەر پارێزگایەک یەک بازنەی هەڵبژاردن بوو، پڕۆژەی ئێستاش دەڵی دەبێت هەر پاریزگایەک بکرێتە چەند بازنەیەک، بەڵام دیاری نەکردووە ئەو بازنە چەند کورسی دەبن و ژمارەی دەنگدەران چەند دەبن و سنووری ئیدارەی نێوان بازنەکان چۆن دەبێت و بە چ پێوەرێک دەبێت، ئەمەش کێشەی بۆ ئەم یاسایە دیار کردووە و خیلافاتی گەورەی دروست کردووە."
گوتیشی: ''ئەو لایانانەی دەنگیان لەسەر یاساکە داوە پەشیمان بوونەتەوە، چونکە ئەم یاسایە لە بەرژەوەندیی چەند لایەنێکی دیارکراوی عێراقیدایە و دەیانەوێ دەسەڵات بگرنە دەست."
''ئەوانەی دەڵێن ئەو یاسا نوێیەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی خۆپێشاندەران، یان کەسانی سەربەخۆدایە، یانیش موحاسسەی حزبی ناهێڵێت، ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە و ئەوانە خەڵک هەڵدەخەڵەتێنن.'' سەربەست مستەفا وا دەڵێت.
کاروان بــاعەدری




