'' سیڤەر...پەیمانی ددانپێدانانی مافی کوردبوو''

دهۆک-KDP.info- پەیمانی سیڤەر لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠ لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە هاوپەیمانەكانی سەركەوتووی جەنگ و نوێنەرایەتیی هەندێ دەوڵەتی تر مۆر كراوە. لە كاتی بەستنی ئەم پەیمانەدا كوردستان بە دوو پارچەیی مابووەوە، كوردستانی دەوڵەتی عوسمانی و كوردستانی ئێران.
جوگرافیای سیڤەر
سیڤەر شارۆچكەیەكی نزیك پاریسی پایتەختی فەرەنسایە، سەرانی چەندین دەوڵەتی زلهێزی جیهانی ئەوكاتەی لە خۆیدا كۆ كردەوە تا ڕێگاچارەیەك بۆ دەرئەنجام و دەستكەوتەكانی چوار ساڵی جەنگی یەكەمی جیهانی بدۆزنەوە، ئەو شارۆچكەیەش بووە پێگەی ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی كە هەر بەو ناوەوە ناو نرا ''پەیمانی سیڤەر''. بەمەش نەك هەر شارۆچكەی سیڤەر، بەڵكو پەیمانی سیڤەریش چووە لاپەڕەكانی مێژووەوە.
سیڤەر بۆ کورد
دوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەكەم، ساڵی 1920 بۆ گەلی كورد، دەرفەتێكی مێژووییی هێنایە ئاراوە، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی قەوارەیەكی سەربەخۆ، ڕۆژی 10ی ئاب، لە ناوچەی ''سیڤەر''ی فەرەنسا، وڵاتانی هاوپەیمان كە براوەی جەنگ بوون، لەگەڵ نوێنەرەكانی دەوڵەتی عوسمانی، پەیماننامەیەكیان واژۆ كرد و تێیدا عوسمانییەكان دەستبەرداری ئەو خاكانە بوون كە پێشتر دەستیان بەسەریاندا گرتبوو.
بەشێك لەو ناوچانەی كە پەیماننامەی ''سیڤەر'' دەیگرتنەوە، خاكی كوردستان بوون، بە شێوەیەك نزیكەی 20%ی كۆی خاكی كوردستان و نزیكەی نیوەی خاكی باكووری كوردستان دەكەوتە چوارچێوەی ئەو نەخشە سیاسییە تازەیەوە كە لە ناوچەكەدا كار بۆ دروستكردنی دەكرا.
لەو بارەیەوە، ئیسماعیل بێشکچی، بیرمەند و دۆستی دێرینی گەلی کورد دەڵێت: ''ئەمڕۆ لە جیهان ستاتۆ و بوویەری گەورە دروست دەبن، وڵاتانی زلهێز ئامانجی گەورەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هەیە، بۆیەش دەبێ لە کوردستان ئامادەکاریی گەورە بکەن، چونکە چەندین پەیمانی پێش سەدان ساڵ وا خەریکە بەکۆتا دێن."
ئەم پەیمانە لە (13) بەش و (433) بەند پێك هاتبوو. لە بەشی (3) و بەندی (62–63 –64)دا ڕاستەوخۆ باسی كورد و ئایندەی كوردەكانی كوردستانی كردبوو و بە یەكەم پەیماننامەی نێودەوڵەتی دادەنرێت كە بەم شێوەیە باسی كورد بكات، هەرچەندە لە بەندەكانی تریش بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باسی كورد دەكات، بەڵام بێ ئەوەی ناوی كورد بهێنێت.
ئیسماعیل بێشکچی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''وا خەریکە سەد ساڵەی پەیمانی لۆزانیش بەکۆتا دێت، دەبێ کورد ساردوسڕ نەبن و ئامادەکاری بۆ هەموو ڕووداوێک بکەن."
ئەو دۆستەی کورد دەشڵێت: ''ئێستا جیهان بە چاوێکی سەیرەوە تەماشای گەلی کورد و بەتایبەت هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە بووەتە ستاتۆیەکی گەورە لە ناوچاکەدا، ئێستا ناوەندی گەورەی سیاسی و دیپلۆماسییە لە جیهاندا."
دەقی ئەو بەندانەی پەیمـانی سیـڤەر كە تایبەت بوون بە كورد :
– بەندی (٦٢): دەبێت كۆمسیۆنی ئەستەمبۆل بەفەرمی دەستنیشانی سێ نوێنەر بكات، ئەوانیش نوێنەری بریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا بن، هەتا شەش مانگ دوای مۆركردنی ئەو پەیماننامەیە ئەو كۆمسیۆنە دەبێت نەخشەیەك بۆ خودمختاریی هەرێمی ئەو مەڵبەندانە پێشكەش بكات كە زۆربەی دانیشتووانەكانی كوردن، لە ڕۆژهەڵاتی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان سنووریان بۆ دەستنیشان بكرێت."
ئەگەر كۆمسیۆن نەیتووانی بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات، ئەوا نوێنەرەكان دەتوانن لەگەڵ حكوومەتەكانیان تاوتووی ئەم بابەتە بكەن و، باسیش لە پاراستنی مافی ئاشوورییەكان و كەمەنەتەوەكانی تر كراوە .
- بەندی (٦٣): حكوومەتی توركیا ملكەچ دەبێت بۆ هەر بڕیارێك كە ئەو كۆمیسیۆنە دەری بكات وا لە بەندی (62)دا باس كراوە، دەبێت لە ماوەی سێ مانگ دوای دەركردنی بڕیارەكە جێبەجێیان بكات .
- بەندی (٦٤): تا ساڵێك پاش ئیمزاكردنی ئەو پەیماننامەیە ئەگەر كوردەكانی دانیشتووی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان جیا ببنەوە لە توركیا، دەبێت بە ئەنجومەنی كۆمەڵی نەتەوەكان ڕابگەیەنن و ئەگەر ئەنجومەنیش ددانی بەوەدا نا كە ئەوان دەتوانن سەربەخۆ بژین، ئەوا حكوومەتی توركیا دەبێت ڕازی بێت و دەستبەرداری ئەو ناوچانە بێت و دەبێت توركیا دەست لە مافی ئەو ناوچانە هەڵبگرێت، مافەكانیش بەگوێرەی ڕێكکەوتنی هاوپەیمانان و توركیا دەبێت، كوردەكانی ویلایەتی مووسڵیش ئەگەر بە ویستی خۆیان خوازیاری جیابوونەوە بن، ئەوا هاوپەیمانان هیچ ڕێگرییەك ناكەن بچنە پاڵ حكوومەتە كوردییەكەوە.
زۆریك لە چاودێران پێیان وایە پەیمانی سیڤەر ئەو پەیمانە بوو کە کورد نەیتوانی بۆ خۆی بقۆزێتەوە و مافەکانی خۆی وەربگرێت و جیهانیش ددانی پێدا بنێت.
کاروان باعەدری




