فارس عیسا: لە بارەی پرسی مووچەی هەرێمەوە بۆ KDP دەدوێت

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەڵێ، لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بارودۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان و عێراق، لەگەڵ ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە.
فارس عیسا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: لە شاری بەغدا لەگەڵ حەمید غەزی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەسەر چەند پرسێك كۆبوونەتەوە، لەوانەش مووچە و قووتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان و عێراق.
ئاماژەی بەوەشدا لە كۆبوونەوەكە، جەخت لەوە كرایەوە، كە نابێت پرسی مووچەی كوردستان بە سیاسی بكرێت و، دەبێت حكوومەتی عێراقی فیدراڵ ئەو بابەتە چارە بكات، لەم روانگەیەشەوە هەڵوێستی ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەرێنی بوو.
فارس عیسا دەشڵێت، لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەوە درا، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی تەواوی هەیە بۆ چارەكردنی كێشەكان بە پێی دەستوور، بڕیاریشدرا كە هەماهەنگی تەواو هەبێت لە داهاتوودا.
لە بارەی چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، فارس عیسا گوتی: "بەرەوپێش چوونی باش لە دانووستاندنەكاندا هەیە، هەردوو حكوومەت لە قۆناغی دانووستانی جددیدان، بۆیە هیچ زانیارییەك لەم بارەیەوە باس ناكەم".
هێدی كاكەیی




