هێمن هەورامی پێشوازیی لە کونسووڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کرد

هەولێر-KDP.info- پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ١٠/٨/٢٠٢٠، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی لە ناگایاما یۆشیکۆ، کونسووڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە هەریەک لە سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان ئامادەی بوون، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەخێرهاتنی کونسووڵی گشتیی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان کرد، هاوکات پاڵپشتیی پەرلەمانی کوردستانی بۆ دەستبەکاربوونی وەکو کونسووڵی نوێی ژاپۆن خستە ڕوو.
لە دیدارەکەدا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی لە مێژووی دامەزرانی پەرلەمانی کوردستان و فرەییی پێکهاتەکان و شێوازی کاری تەشریعی و ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد، هەروەها هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پەرلەمانی کوردستان و وڵاتی ژاپۆن پێشکەوتن بەخۆوە ببینێت و لە داهاتوودا سوود لە ئەزموونی کاری پەرلەمانی یەکتر وەربگرن، پاشان باس لە ڕەوشی تەندروستی و سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئەو ئەزموونە جوانەی پێکەوەژیان، کە لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە کرا.
لەم دیدارەدا، ناگایاما یۆشیکۆ، کونسووڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ دەستبەکاربوونی وەکو کونسووڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان لەسەر هەموو ئاستەکان پێشکەوتنی زیاتر بەخۆوە ببینێت و دۆستایەتیی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە بستێنێت.




