تورکیا کەوتە ژێر دەستی کوردە رەگەزپەرستەکانەوە
ئەمین چوڵاشان
لەم رۆژانەی دواییدا تورکیا گۆڕانکاری سەیر و سەمەرە بە خۆیەوە دەبینێت و یەکێک لەم گۆڕانکارییانەیش هەوڵدانە یەک لایەنەکانی پارتی داد و گەشە پێدان بۆ ئامادە کردنی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیایە.
هەر چەند تورکیا زۆر پێویستی بە دەستوورێکی نوێ نییە بەڵام پارتی دەسەڵات ( ئاکەپە) بۆ خۆی بووە وەکو زاوا و بووک و ئێتر لە هیچ کەس و لایەنێک نایشارێتەوە کە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە ئەردۆغان بکات بە سەرۆککۆمار و لەم چوارچێوەیەیشدا سەرقاڵی ئامادە کردنی دەستووری نوێ بۆ خۆیە نەک بۆ تورکیا.
یەکێک لە ئارمانجە سەرەکییەکانی ئەردۆغان و ئاکەپە لە ئامادە کردنی دەستووری نوێ تورکیادا کۆ کردنەوەی هەر هەمووی دامودەزگا دادوەرییەکان لە ژێر سەیبەری یەک سیباندایە و بەمجۆرەیش هەوڵ بۆ کونترۆڵ کردنی یەکجارەکی سیستەمی دادوەری و دادگاکانی تورکیا لە لایەن ئاکەپەیەوە دەدرێت و هەر هەمووی ئەندامانی دادگاکانی باڵا لە لایەن سەرۆک و پارلەمانەوە هەڵدەبژێردرن.
لەم چوارچێوەیەیشدا ئەردۆغانیش بۆ خۆی دەبێتە سەرۆکی ئەم دادگایانە. بێگۆمان هەر هەمووی پلان و حەسابەکانی ئاکەپە لە سەر ئەوە ئامادە کراون کە ئاکەپە بە تەنیا خۆی وەکو پارتی دەسەڵات خاوەن زۆرینەی دەنگ لە پارلەمانە و هەر بۆیە وا دەزانن کە ئەم زۆرینەیە لە نیًو پارلەماندا کارئاسانییان بۆ دەکات.
ئاکەپە لە رێگای دامەزراندنی دادگا تایبەتەکان و دادگای خاوەن دەسەڵاتی تایبەتەکانەوە کونترۆڵی خۆی بە سەر هەر هەمووی تورکیادا سەپاندووە و لە رێگای ئەم دادگا تایبەتییانەوە تورکیا بەرێوە دەبات.
چارەنووسی سوپای تورکیایش لە لایەن ئەم دادگایانەوە دەستنیشان دەکرێت و ئەم دادگایانە بریار دەدات کە لە نێو دەستەی سەرۆکایەتی سوپادا کێ لە کار لا بدرێت و کێ لە جێگایدا دەستبەکار ببێت. مەکانیزمی سیاسی تورکیایش بە ئەمر و فەرمانی ئەم دادگایانە ئورگانیزە دەکرێت و بەرێوە دەبرێـت. ئەمانە بەس نەبوون بۆ ئاکەپە و ئەردۆغان ئێستا هەر لە چوارچێوەی هەوڵدانەکانی ئاکەپە بۆ ئامادە کردنی دەستووری نوێ تورکیا هەوڵ بۆ کونترۆڵ کردنی دەستەی باڵای دادوەری تورکیا دەدرێت و ئاکەپە دەیەوێ ئەم دەستەیە کە دەبێت سەربەخۆ بێت، بخاتە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغانەوە. بێگۆمان ئەردۆغان تا بەر لە مسوگەر کردنی ئەوەی کە بۆ خۆی بەبێ هیچ ئاستەنگییەک لە لایەن پارلەمانەوە بۆ سەرۆککۆماری هەڵدەبژێردرێت، رۆزەتی ئاڵای تورکیای لە سەر شانی خۆی دانەدەنا، بەڵام ئەوە ماوەی 10 رۆژە ئەردۆغان ئەم رۆزەتەی لە سەر شانی خۆی داناوە. مەبەستم ئەوەیە کە ئەردۆغان نە بۆ تورکیا و خەڵکی تورکیا دەستی بە گۆڕانکاری لە نێو سیستەمی گشتی تورکیادا کردووە بەڵکۆ بۆ خۆی و بۆ بەرەژوەندییەکانی خۆی و ئاکەپە هەنگاوێکی بەمجۆرەی ناوە.
ئاکەپە لە نێو پارلەماندا خاوەن 326 کورسییە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ جێبەجێ کردنی ئەم گۆڕانکارییانە پێویستە لە نێو پارلەماندا 330 دەنگ هەبێت، هەر بۆیە ئاکەپە بۆ ئەوەی کە ئەم رێژەیە بە دەست بخات خۆی نزیکی کوردە رەگەزپەرەستەکان بە سەرۆکایەتی بەدەپە کردووە. ئەردۆغان بۆ ئەوەی کە رای گشتی کورد بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە نزیکی بەدەپە و پەکەکەن تۆزێک نزیکی خۆی بکاتەوە و پشتگیری ئەوانیش بە دەست بخات، بە ئەمری بەدەپە و پەکەکە دەستی بە هەوڵدانێک بە ناوی چارەسەری بۆ پرسی کورد کردووە. لە راستیدا ئاکەپە هیچ بەرنامە و پلانێکی بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد نییە، بەڵام بە هۆی پلانە ناوخۆییەکانی ئاکەپە بۆ تورکیا، پارتی دەسەڵات ناچار کراوە کە لە رووی چارەسەر کردنی مەسەلەی کوردیشەوە هەنگاو بنێت.
ئاکەپە پێشتر زۆر بە باشی دەیزانی کە لە نێو پارلەماندا بۆ جێبەجێ کردنی ئەم گۆڕانکارییانە ناتوانێت دەنگی پێویست کۆ بکاتەوە هەر بۆیە هەوڵی بۆ دۆزینەوەی رێگای باش بۆ خۆ لە بەدەپە و کوردەکان دا. لە چوارچێوەیەیشدا چاوپێکەوتنەکانی نێوان بەرپرسانی میت و ئوجەلان لە ئیمراڵی دەستیان پێ کرد.
دوای چەند رۆژێک لە دەست پێ کردنی ئەم چاوپێکەوتنانە سەرۆک وەزیری تورکیا و سەرۆکی ئاکەپە ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر لە پارلەمان نەتوانن لە سەر دەستووری نوێ تورکیا بگەنە ئەنجام ئەوا لەگەڵ بەدەپەدا دەست بە ئامادە کردنی دەستووری نوێ و سازدانی رێفراندوم لە سەر دەستووری نوێ دەکەن. بەدەپەیش هەر خێرا وەڵامی دایەوە و بە دەستنیشان کردنی چوار مەرج ئامادە بوونی خۆی بۆ پێشکەش کردنی هەر جۆرە هاوکارییەک نیشاندا.
راستی مەسەلەکە ئەوەیە کە سەرۆک وەزیری هەنۆکەیی تورکیا بۆ ئەوەی کە بتوانێت ببێتە سەرۆککۆماری داهاتووی تورکیا و جیاوازتر لە سەرۆککۆمارەکانی پێشوو هەر هەمووی دەسەڵاتەکان بە تایبەتی دادوەری و پارلەمان و حکوومەت لە ژێر دەستی خۆیدا کۆ بکاتەوە تورکیای داوەتە دەستی بەدەپە! بەدەپە پارتییەکی سیاسییە کە بێجگە لە رەگەز پەرەستی کوردی هیچ شتێکی دیکە نازانێت. بەو ماناییە کە ئەمرۆ ئاکەپە پلان بۆ ئەوە دادەنێت کە تورکیا بە گشتی بخاتە ژێر دەستی بەدەپە و کوردە رەکەزپەرەستەکانەوە و لە داهاتوودا بەدەپە وەکو فاکتەرێکی سەرەکە لە بەرێوە بردنی تورکیادا رۆل بگێڕێت.
نازانم ئەمە چۆنە سیاسەت و چۆنە پلانێکە لە مێشکی ئەردۆغان و ئاکەپەدا، تا دوێنێ بەدەپەیان تاوانبار دەکرد و بە هەر شێوەیەک هەوڵیان بۆ داخستنی بەدەپە و دەستگیر کردنی ئەندامە سەرەکییەکانی بەدەپە دەدا بەڵام ئەمرۆ، ئاکەپە و ئەردۆغان نەتەنیا دەیانەوێ لەگەڵ بەدەپەدا چارەنووسی تورکیا دەستنیشان بکەن بەڵکۆ هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەدەپە بگاتە ئەو ئاستەی کە تورکیا بەرێوە ببات.
سەرچاوە: سوزجوو




