٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی شاندی ئەنەکەسە: دانوستانەکانمان لەگەڵ تەڤدەم بەردەوام دەبێت تا دەگەینە ڕێککەوتن

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  سەرۆکی شاندی ئەنەکەسە بۆ دانوستان لەگەڵ تەڤدەم گوتی، قۆناغی دووەمی دانوستانەکانی نێوان تەڤدەم و ئەنەکەسە بە سەرپەرشتیی ئەمەریکا لەسەر سێ تەوەر دەستی پێ کردووە؛ ئەوانیش پێکهێنانی ئەنجومەنێک لە شێوەی مەرجعیەتێک و کێشە ئیدارییەکان و کێشەی سەربازی.

سەرۆکی شاندی ئەنەکەسە گوتی: ''تا ئێستا دوو کۆبوونەوەمان کردووە و ڕێککەوتننامەی دھۆکیش بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کراوەتە بنەمای دانوستانەکان و ھەرێمی کوردستانیش ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئەوەی ھەردوولا بگەینە ڕێککەوتن، بۆیە ھەنگاوی باشمان ناوە و بەردەوام دەبین تا ڕێککەوتن.''

محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی شاندی ئەنەکەسە بۆ دانوستان لەگەڵ تەڤدەم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی قۆناغی یەکەمی دانوستان کۆتایی ھات و گەیشتینە ڕێککەوتن، قۆناغی دووەمی دانوستان دەستی پێ کرد و ڕێککەوتننامەی دھۆک کرا بە بنەمای دانوستانەکان کە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کرابوو و داوامان کرد ئەمەریکا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکان بکات و یەکەم ھەنگاویش ئەنجومەنێک پێک دەهێنرێت و کێشە ئیداری و سەربازییەکان چارەسەر بکرێن و کارەکان بە ھاوبەشیی بەڕێوە ببردرێن و یەکەم خاڵ کاری لەسەر دەکەین ئەنجومەنێکە لە شێوەی مەرجعیەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ھەندێک خاڵ جیاوازیمان ھەیە و لە ھەندێکیش لێک نزیکبوون ھەیە، بەڵام ھەردوولا بڕیارمان داوە ڕێککەوین، چونکە کار دەکەین بۆ ئەوەی سەقامگیری پەیدا بێت و تا ئێستا ھەنگاوی باشمان ناوە بۆ پێکهێنانی مەرجەعیەت بە شێوەیەک کە دەسەڵاتی تەواوی ھەبێت و خاوەن بڕیار بێت نەک تەنھا بە ناو ھەبێت .''

محەمەد ئیسماعیل گوتیشی: "ئەو مەرجعیەتە سەرپەرشتی دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئیداری و سەربازییەکان و ئەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە میللەتی کوردەوە ھەیە، بۆیە ئەمەریکا ھەوڵ دەدات لە ھەر خاڵێک ناکۆکی ھەبێت چارەسەری بکەن و نوێنەری ئەوانیش لەگەڵ ئێمەدان و چاودێریی دانوستانەکان دەکەن و تا ئێستا دوو کۆبوونەوەمان کردووە."

ئیسماعیل باسی لەوەش کرد: "ھەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی باشی ھەیە لە دانوستانەکان و ڕێککەوتنامەی دھۆک کراوەتە بنەما کە سەرۆک بارزانی خۆی سەرپەرشتیی دەکرد، بۆیە ئەوان ڕێگاخۆشکەرن بۆ ئەوەی تەڤدەم و ئەنەکەسە بگەنە ڕێککەوتن و کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن."

گوتیشی: ''گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ یەکێکە لە خاڵە ھەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان و جارێ ماوە بگەینە ئەو خاڵە و ئەو خاڵە لای ئێمە زۆر گرنگە و ھەرکاتێک گەیشتە ئەوکاتە گفتوگۆی جددیی لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ بگەڕێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بەو لەشکرە ھەیە."

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار