٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حكوومەت بڕیاری دا پارە بۆ گۆڕینی تۆڕی ئاوی رواندز خەرج بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

رواندز-KDP.info- قایمقامی قەزای رواندز ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كێشەی ئاو لە سنووری قەزای رواندز و دەوروبەری چارە دەكرێت و، حكوومەت بڕیاری دا پارە بۆ گۆڕینی تۆڕی ئاوی ژمارەیەك گەڕەك و گوندی رواندز خەرج بكرێت.

ئەحمەد قادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە رواندز پڕۆژەیەكی ستراتیژیی ئاو ھەیە، بەڵام ئاو بە ھۆی خراپیی تۆڕەكانەوە بە تەواوەتی نەدەگەیشتە ھەموو گەڕەكێك و كێشەی كەمئاوی ھەبوو، بەڵام پارێزگاری ھەولێر بڕیاری دا ھەموو تۆڕەكان چاك بكرێن و لە ئێستادا كار بۆ چاككردنەوە و راكێشانی تۆڕی ئاو بۆ گەڕەكەكانی نەورۆز، ئازادی، شەھیدان، كانی و بانەزێوكی و گەڕەكی لاوان دەكرێت".

قایمقامی رواندز دەشڵێت: "پێشتر لە رێگەی تانكەرەوە ئاو بۆ ئەو گەڕەكانە دابین دەكرا، بەڵام دوای تەواوبوونی پڕۆژەكە، كێشەی كەمئاوی لە سەنتەری قەزای رواندز چارە دەكرێت".

قادر روونیشی كردەوە: "ژمارەیەك گوندیش كێشەی كەمئاوییان ھەبوو و بڕیار درا ھێڵی نوێی ئاویان بۆ دابین بكرێت، كە چەندین گوندی سنووری قەزاكەن و بەو ھۆیەشەوە ٩٠%ی كێشەی ئاو چارەسەر دەبێت و كۆتایی دێت، چونكە پێشتر ئاو وەك پێویست نەدەگەیشتە ھەموو گەڕەك و گوندێكی سنووری قەزای رواندز".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار