٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەو گوندانەی دەكەونە ناو ماستەرپلانی ھەولێر، تاپۆ دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دوای فراوانبوونی شاری ھەولێر و دانانی ماستەرپلانی شارەكە، ژمارەیەك گوند كەوتوونەتە نێو سنووری شارەوانیی ھەولێر، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێ، ھەموو ئەو گوندانە تاپۆ دەكرێن.

بەپێی بەدواداچوونێكی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای ئەوەی چەندین گوندی دەوروبەری ھەولێر كەوتنە ناو ماستەرپلانی شارەكە، كێشەی دروستكردنی خانوویان بۆ دروست بووە و لە زۆرێك لە ناوچەكانی دەوروبەری ھەولێریش مۆڵەتی دروستكردنی خانوو راگیراوە.

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی كوردستان گوتی: "راستە ژمارەیەك گوندی دەوروبەری ھەولێر لە ئێستادا كەوتوونەتە نێو ماستەرپلانی ھەولێر و ئەو گوندانە ھیچیان نییە لە كارت و تاپۆ، كە پێشتر گوندی ئاسایی بوونە و ئێستا بەشێكن لە شار".

سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر روونیشی كردەوە: "ئێمە وەك شارەوانی لەگەڵ تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆدا، ھەموو ئەو گوندانەش تاپۆ دەكەین و بەپێی پلانی خۆمان كار بۆ چارەكردنی كێشەكانیان دەكەین".

عەبدولواحید ئەحمەد دەشڵێت: "ھەندێ گوند ھەن لە سنووری شارەوانی، كە گوندەكە بە كاملی بێ تاپۆن و پێویستیان بەوەیە ھاوشێوەی گەڕەكەكانی نێو شار رێك بخرێن و رێگەش نادەین بە زێدەڕۆ خانوو دروست بكرێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار