باڵەتەیی بۆ KDP: مشتومڕێكی زۆر لەسەر هەڵبژاردن و یاساکانی هەیە

بەغدا-KDP.info- گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا عێراق كێشەی گەورەی هەیە لە یاسای هەڵبژاردندا و لەسەر چۆنیەتیی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنیش گرفت زۆرە، بۆیە هیچ هەڵبژاردنێك لەمساڵدا ناكرێت.
د. ئارام ناجی باڵەتەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو ناكۆكی و كێشانەی لە یاسای هەڵبژاردندا هەن، كێشەی كۆن و قووڵن لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا و هەندێك لایەن پێیان وایە هەڵبژاردن لەسەر ئاستی پارێزگا بێت و هەندێكی دیكەش پێیان باشە بكرێتە چەندین بازنە، ئەمە لە لایەك، لە لایەكی ترەوە ڕەخنەی زۆر لەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەسەر دانانی كادری ناوەندی هەیە و ئەم كۆمسیۆنە شارەزاییەكی باشیان نییە، بۆیەش كێشە كەوتووەتە نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە".
مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، رۆژی ٦/٦/٢٠٢١ـی دیاری كردووە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەندێك لایەنی عێراقی دەڵین دەبێ هەڵبژاردن زووتر لە كاتی خۆی بكرێ، لەو بارەیەشەوە باڵەتەیی دەڵێ، جگە لەم كێشانە، عێراق كێشەی دارایی هەیە و كەوتووەتە قەیرانێكی قووڵەوە، بۆیە ناتوانێت هەڵبژاردن لەمساڵدا بكات.
كــاروان بــاعەدری




