٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ڕێگاکانی دەرەوەی شاری ھەولێر نۆژەن دەکرێنەوە"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ھەولێر گوتی، ڕێگاکانی دەرەوەی ھەولێر بە دوو قۆناغ نۆژەن دەکرێنەوە؛ لە قۆناغی یەکەم حکوومەت ١٠ ملیار دیناری بۆ ١٨ ڕێگا  خەرج کردووە و لە قۆناغی دووەمیش ٢٧ ڕێگا بە بڕی زیاتر لە ٢٣ ملیار دینار نۆژەن دەکرێنەوە، ئەمە جگە لەو پارەیەی مانگانە بۆیان خەرج دەکرێت و زۆر شوێن کە تێک دەچن نۆژەنیان دەکەنەوە.

بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ھەولێر، عیماد محەمەدئەمین  سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە سنووری پارێزگای ھەولێر بە دوو قۆناغ ڕێگاکانی دەرەوەی شار نۆژەن دەکرێنەوە؛ قۆناغی یەکەم بە بڕی ١٠ ملیار دینار کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ نۆژەنکردنەوەی ١٨ ڕێگای دەرەوەی شاری ھەولێر بۆ ئێمەی تەرخان کرد و، لە قۆناغی دووەمیش بە بڕی ٢٣ ملیار دیناری دیکە ٢٧ ڕێگای تر نۆژەن دەکرێنەوە، چونکە چاککردنەوەی ڕێگاوبان پێویستی بە پارەیەکی زۆرە و بەھۆی قەیرانی داراییەوە ماوەیەک بوو نۆژەن نەکرابوونەوە."

عیماد محەمەدئەمین سلێمان گوتیشی: "ئەو ڕێگایانەی لە قۆناغی یەکەم نوژەن کراونەتەوە ڕێگای ھەولێر بۆ خەبات و ڕێگای ھەولێر بۆ مەخموور و ڕێگای گوێڕ و ڕێگای پردێ و ڕێگا پیرمام و لۆفەکانی سپیلک مێرگەسۆر و چۆمان، ئەمانە 18 پڕۆژە بوون و لەم قۆناغەشدا ٢٧ ڕێگای دیکە نۆژەن دەکرێنەوە."

سلێمان باسی لەوەش کرد: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ خزمەتکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و مانگانەش ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئێمە خەرج دەکرێت، بەوەش لە زۆر شوێن ڕێگا کە تێک دەچن ئەوانیش نۆژەن دەکەینەوە."

گوتیشی: "ئەگەر بەھۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە نەبووایە کارەکانمان زۆر بەخێراتر جێبەجێ دەکران.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار