جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتی هیند کرد

هەولێر-KDP.info- پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ ٦/٨/٢٠٢٠ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە چاندرامولی کۆمار کۆنسوڵی گشتی هیند لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دێدارێکدا باس لەدوا پێشهاتە سیاسی و ئابووری و لێکەوتە نەرێنییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.
لەدیدارەکەدا، کە هەریەک لە پەرلەمانتاران ڕێبوار بابکەیی، محمد ئیلیخانی و سیروان بابان ئامادەی بوون، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی لە بارودۆخی تەندروستی و ئابووری هەرێمی کوردستان کرد، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری نەرێنیان لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
پاشان باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کرا، کە لە ئێستادا دانوستانەکانی نێوانیان بەردەوامە و خوازیارن بە پێی دەستووری عێراق سەرجەم کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکرێن و بگەنە رێکەوتنێکی کۆتایی، هەر لە میانەی گفتوگۆکانیاندا هێمن هەورامی باسی لە یاسای چاکسازی کرد، کە لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی بۆ دراوە و کەتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کە پەرلەمانی کوردستان هاوکار و هەماهەنگ دەبێت لە پێناو سەرخستنی کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یەکێک لە تەوەرە هەرە گرنگەکانی ئەو کارنامەیە چاکسازییە لە گشت سێکتەرەکاندا.
لە تەوەرێکیتردا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە کاری پەرلەمانی و لایەنی تەشریعی و پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان و چۆنیەتی راییکردنی کارەکان کرد، و هیوای خواست کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتی هیند لەسەر ئاستی کاری پەرلەمانی بەرەوپێش بچێت و سود لە ئەزموونەکانی یەکتر وەربگرن.
لەلایەن خۆیەوە چاندرامولی کۆمار کۆنسوڵی گشتی هیند لە هەرێمی کوردستان سوپاسی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ پێشوازییەکەیان و هیوای خواست پەیوەندییەکانیان لە گشت بوارەکاندا پەرەسەندنی زیاتر بەخۆوە ببینێت.




