محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود بۆ KDP: ده‌بێ كورد قۆناغی گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بكاته ڕاسته‌وخۆ

هەولێر-KDP.info- هێزه سیاسییه‌كانی عێراق به‌رده‌وام داوای چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان ده‌كه‌ن، هه‌وڵی لێك نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غداش قۆناغی باشی بڕیوه و له ڕێككه‌وتن نزیكن. سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، باس له‌وه ده‌كات تا گرفته سیاسییه‌كانی عێراق چاره‌سه‌ر نه‌كرێ، ئاسته‌مه هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر له عێراق كۆتاییی پێ بهێنرێت. ده‌شڵێت: گرنگه هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا بگاته ڕێككه‌وتنی كۆتایی.
میحوه‌ری شەڕی داعش
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، خه‌ریكی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی كاری حكوومه‌تەکەیه‌تی، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌یه‌وێت هێزه عێراقییه‌كان ڕێك بخاته‌وه و هه‌نگاوه‌كانی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعشی خێراتر كردووه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش بێ گرفت نه‌بووه، داعش به‌هێز بووه‌ته‌وه و له خانه‌قین و كه‌ركووك و زوممار به‌رده‌وام هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر سوپای عێراق و پێشمه‌رگه، له ماوه‌ی 3 مانگی ڕابردوودا 4 گه‌وره ئه‌فسه‌ری سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی كوژراون، خۆیشی له سه‌ردانی بۆ شاری مووسڵ ڕووبه‌ڕووی كوشتن بووه‌وه، هێشتا دیار نییه ستراتیژیه‌تی داعش له ناوچه‌كه چی ده‌بێت، به‌ڵام به‌پێی ڕاپۆرتی ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش له شەڕی به‌ره‌كانه‌وه بۆ تیرۆری كه‌سایه‌تی و په‌لاماری پارتیزانی گۆڕاوه. محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه له سنووری كه‌ركووك له سه‌رده‌می شەڕی داعش، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌ڵێت: "داعش وه‌ك هێز و ده‌وڵه‌ت و خه‌لافه‌ت كۆتاییی پێ هاتووه و ده‌وڵه‌تی نه‌ماوه، به‌ڵام قه‌زیه‌ی داعش قه‌زیه‌یه‌كی سیاسییه له عێراق و ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری گرفتی سیاسی له عێراق نه‌كرێت داعش مه‌ترسیی هه‌ر ده‌بێت، هه‌موو داعش سوننه‌یه، به‌ڵام ڕه‌نگه هه‌موو سوننه داعش نه‌بێت، تا گرفتی سوننه له عێراقدا چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، باوه‌ڕ ناكه‌م گرفتی داعش كۆتاییی پێ بهێنرێت، چونكه سنووری ئه‌و ناوچانه‌ی (دووز و قه‌ره‌ته‌په و جه‌باره و سه‌عدیه) له‌لایه‌ن شیعه‌وه ته‌سفیه‌ی سوننه كراوه، ئه‌و توندوتیژییه‌ی له‌و ناوچانه هه‌یه ڕه‌نگه زیاتر په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌بێت كه سوننه وه‌ك كاردانه‌وه بیكات، بۆیه گرفتی داعش له‌و ناوچه گرفتی سیاسییه، چونكه سوننه له عێراقدا ڕۆڵیان نه‌ماوه به ناوی داعش و گرووپه‌كانه‌وه فه‌رامۆش كراون، ئه‌وانەیشی به ناوی سوننەوە له به‌غدان و سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌ن، سوننه‌كان به نوێنه‌ری خۆیانیان نازانن، گرفته‌كه سیاسییه، ده‌نا خۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش سوننه‌یه، كاتێكیش داعش ده‌وڵه‌تی نه‌ما و حكوومه‌تی نه‌ما، شەڕ ده‌بێته شەڕی پارتیزانی، چونكه داعش ناتوانێت شەڕی به‌ره‌یی بكات، بۆیه ئێستا به‌م شێوه ده‌مێننه‌وه و باره‌گاكانیان له هه‌ندێك شوێن ده‌مێنن و شەڕه‌ی پارتیزانی ده‌كه‌ن".
یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه
دەر‌باره‌ی یه‌كسختنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م یه‌كخستنه‌وه و هاوكاریی هاوپه‌یمانان له‌و بارەیە‌وه كه تا چه‌ند گرفته یه‌ك هێزی پێشمه‌رگه له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگەدا هه‌بێت، محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود، گوتی: "باوه‌ڕ ناكه‌م پێشمه‌رگه به‌بێ نیه‌تی باش یه‌ك بگرێته‌وه، هێزی پێشمه‌رگه هی حزبه‌كانن، هیچ حزبێك ئاماده نییه هێزه‌كه‌ی خۆی ئاماده بكات و بیخاته یه‌ك چوارچێوه‌ی نیشتمانییه‌وه، ئه‌مه خراپه، ده‌بێت هێزی حزبی كۆتاییی پێ بهێنرێت، ڕه‌نگه هاوپه‌یمانان بڵێن ئێمه پاره ده‌ده‌ین و پێداویستیی جلوبه‌رگ ده‌ده‌ین ئێوه‌ش ده‌بێت یه‌كیان بخه‌ن، چونكه به‌داخه‌وه له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر بە نیو كاتژمێر هێزه‌كه نه‌ما و هه‌ركه‌س بۆ ماڵی خۆی، هێز ده‌بێت ته‌ته‌وعی پێ بكرێت، نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ر به حزبێك بێت."
چۆنیه‌تیی ڕێكخستنه‌وه‌ی عێراق
تا ئێستاش گرفتی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق كۆتاییی پێ نه‌هێنراوه، هه‌رچه‌نده به‌شێكی زۆریان داوای ده‌ستپێشخه‌ریی نوێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئاماده‌ش نین له داواكاریه‌كانیان خۆش بن، ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق پێشبینی كراوه، محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود، ده‌ڵێت: "عێراق ته‌نیا ده‌وڵه‌ت نییه، هه‌موو شتێكه، هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه نییه، سیاده‌ی نییه و هیچی نییه، بۆڕیی نه‌وتی له عه‌مماره تا به‌سره 100 كونیان تێ كردووه، هه‌ر عه‌شیره‌تێك بۆخۆی نه‌وت ده‌فرۆشێت، پێم وا نییه له‌م دۆخه‌دا سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق شتێكی پێ بكرێت، چونكه پشتی نییه و په‌رله‌مانتاری نییه و به دڵ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكایه و له‌به‌ر ئێرانیش زۆر شت ناكات، فه‌رموو حزبوڵڵای عێراق دیلگیراوه‌كانی ئازاد كرد هیچی پێ نه‌كرا، ڕاسته هه‌وڵ ده‌دات دۆخه‌كه چاك بكات، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌و حساب نییه، كازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی ته‌سویه‌یه، بۆ ڕازیكردنی لایه‌نه‌كان دانراوه، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كوردستانیش ڕێككه‌وتن بكات، ده‌وڵه‌تێك فشاری لێ بكات هه‌ڵی ده‌وه‌شێنێته‌وه.
ئه‌و هاوكاریانه‌ی ده‌گه‌یه‌نرێته پێشمه‌رگه چۆنن؟
ڕه‌نگ بێت به‌شێك له نیگه‌رانیی كوردستان ئه‌وه بێت كه وه‌ك پێویست هاوكاریی سه‌ربازیی هاوپه‌یمانان کە ده‌گه‌یه‌نرێته به‌غدا نه‌درێته هێزی پێشمه‌رگه، له كاتێكدا به‌پێی ده‌ستووری عێراق ده‌بێت به‌غدا دەبێ لەسەدا 17ی پشكی چه‌كی سوپای عێراق بداته پێشمه‌رگه، كاكه حه‌مه ده‌شڵێت: "هاوپه‌یمانان ده‌بابه‌یان دایه عێراق كه‌چی به‌و ده‌بابانه هاتن په‌لاماری كوردستان و كه‌ركووكیان دا و په‌لاماری پێشمه‌رگه‌یان دا و ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان تەعامول له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كه‌ن، لای ئه‌مه‌ریكا دۆسیه‌ی كورد له چوارچێوه‌ی عێراقدایە، تا ئێره دروسته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر واشه ده‌بێ حه‌قی كورد بده‌ن، چی شایسته‌ی دارایی و چه‌ك و پشكی كورد هه‌یه له سوپای عێراق ده‌بێ بدرێته كورد. خۆ پێنج ده‌وڵه‌ت خه‌ریكی یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ن بۆچی ده‌بێ بێده‌نگ بن له‌وه‌ی شێلگیری له مافه‌كانی پێشمه‌رگه بكرێت له به‌غداوه. بڕوام وایه كه پێویسته كورد خۆی ڕاسته‌وخۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بكات له‌باره‌ی هه‌ندێك گرفته‌وه كه ده‌زانێت له به‌غدا ده‌ستی ده‌ستیی پێ ده‌كرێت، له‌وانه پرسی چه‌ك و گه‌ره‌نتیی سنووری كوردستان و سیناریۆی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی داعش، ده‌بێ كورد له‌گه‌ڵ ئێران و ئه‌مه‌ریكاش ڕاسته‌وخۆ گفتوگۆ بكات، با ئه‌و هه‌نگاوه تاقی بكاته‌وه."
به‌دواداچوون و چاوپێكه‌وتن: كارزان سه‌باح هه‌ورامی




