ئەنەكەسە: هاوپەیمانییەكی سیاسیی فراوانمان لە رۆژئاوا پێك هێناوە

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- كورد و عەرەب و سریان، بەرەیەكی فراوانی سیاسییان لە رۆژئاوای كوردستان پێك هێناوە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نشتیمانیی كوردیش لە سووریا دەڵێ، بەرەكە بۆ پاراستنی كیانی سیاسیی هەمووانە، كە هەنگاوێكی سیاسیی بەرفراوانە بۆ گەیشتن بە مافە رەواكان لەو وڵاتەدا.
ئێوارەی دوێنێ، بەرەی سیاسیی (ئاشتی و ئازادی)، كە چوار پێكهاتەی سیاسیی سووریا لە خۆ دەگرێ و ئەوانیش بریتین لە (ئەنەكەسە، رێكخراوی ئاسووری دیموكراتی، شەپۆلی غەدی سووری، ئەنجوومەنی عەرەبیی جەزیرە و فورات)، لە شاری قامشلۆ راگەیەندرا.
لەو بارەیەوە، سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نشتیمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەم بەرەیە كار دەكات بۆ ئەوەی پرسی سووریا بە شێوەیەكی سیاسی و ئاشتیانە چارە بكرێ و مافی هەموو پێكهاتەكانی سووریا بە كورد و عەرەب و ئاشوورییەوە، پارێزراو بێت".
ئۆسۆ دەشڵێ: "ئەم بەرەیە، روئیایەكی هاوبەشی بۆ سووریا پێیە و دەشمانەوێ لەسەر ئاستی دنیا پرسی سیاسیی سووریا بگەیەنین، كە پشت بە بڕیاری نێودەوڵەتیی ژمارە ٢٢٥٤ و بەیاننامەی جنێفی یەكەم دەبەستین بۆ چارەكردنی پرسی سووریا".
كــاروان بــاعەدری




