مەسعوود کاڕەش: ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێن

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری ھەولێر جێبەجێ بکرێن و جێگری پارێزگاری ھەولێریش دەڵێ، ھەر پارەیەکیان لەبەردەست ھەبێت بۆ پڕۆژەکانی تەرخان دەکەن.
مەسعوود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داواکارییەکی زۆری ھەیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەنێو سەنتەری شاری ھەولێر، بێگومان سەرەڕای نەبوونی پارەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی داخوازیی ھاووڵاتیان ئەوەی لەبەردەستە بۆ پڕۆژە خەرج دەکرێت، ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری ھەولێر جێبەجێ دەکرێن."
لەبارەی ئەو پڕۆژانەی بڕیارە جێبەجێ بکرێن، جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: "پڕۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکی ڕۆشنبیری ھەیە بە گوژمەی ٤٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، ھەروەھا ژمارەک بیری ئاو ھەن لەلایەن خەڵکی خێرخوازەوە جێبەجێ دەکرێن، ئێمە سوپاسی ئەو خەڵکانە دەکەین کە ھاوکار بوونە، پڕۆژەیەکی دیکەی ئاوەڕۆ ھەیە لە نزیک وەزارەتی پێشمەرگە تا نزیک شاوێسە پێش ھاتنی وەرزی پاییز دەکەوێتە باری جێبەجێکردنەوە."
مەسعوود کاڕەش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە وەک ئیدارەی پارێزگای ھەولێر ھەرچی لەدەستمان بێت و ھەر بوودجەیەک بێتە دەستمان بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری خەرج دەکرێت و ئەوەیشی لە ھەندێ گەڕەک پڕۆژەی بچووکیش ھەن لەسەر ئەرکی شارەوانییەکان جێبەجێ دەکرێن."
قائید میرۆ




