٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پارتی بۆ دانوستان ھەمیشە دەستپێشخەر بووە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکان ئومێدی بە ھاووڵاتیان بەخشی و، بەرپرسێکی پارتی دەڵێت، پەیامی پارتی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە ھەمیشە ئاشتی و دانوستان بووە.

بلند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە و یەکێتی دوو ھێزی سەرەکین لە ھەرێمی کوردستان و بە تەبابوونی پارتی و یەکێتی ھەرێمی کوردستان زیاتر ئارامیی سیاسی بە خۆیەوە دەبینێت و بەپێچەوانەوە تێکچوونی پەیوەندیی نێوان لایەنەکان کاریگەریی لەسەر کۆی ھاووڵاتیان ھەیە."

ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە بەشی ڕۆژنامەوانیی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا ڕایگەیاندبوو: "زمانی زبر و ھەڕەشە و گرژی و ناکۆکی، زیان بە خاوەنەکەی دەگەیەنێت بەر لە ئەوانی تر، بۆیە دەخوازین بە تەباییەوە، بە نەفەسی چارەسەری کێشەکان و خزمەتکردنی ھاووڵاتییان، ڕوو لە بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان بکرێت و ئیتر کۆتایی بەم دڕدۆنگییە سیاسییە میدیاییە بێت و ڕۆژانی بەر لە جەژن بکەینە ڕۆژانی تەبایی و چارەسەری کێشەکان."

بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "پارتی ڕۆژانی ڕابردوو لە ڕێگەی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ھیوای خواستبوو بەر لە جەژن کۆتایی بە گرژییەکان بھێنن و جەژنی قوربان بکرێتە جەژنی تەبایی، ئەمەش سیاسەتی ڕوونی پارتییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ھەمیشە دەستپێشخەرین."

بلند ئیسماعیل جەختی کردەوە: "کۆبوونەوەی دوو ڕۆژی ڕابردووی نێوان ئێمە و برادەرانی یەکێتی سەرەتایەکی باشە بۆ گەیشتن بە چارەسەرکردنی کێشەکان و ئێمە نەک ھەر لەگەڵ یەکێتی، بەڵکو لەگەڵ ھەموو لایەنەکانی دیکە بەردەوام جەخت لەوە دەکەینەوە کە کێشەکان بە دانوستان و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار