کونسووڵی تورکیا سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرد
هەولێر-KDP.inf- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە هاکان کاراچای، کونسووڵی گشتیی کۆماری تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی نیگەرانیی سەرکردایەتیی پارتی و دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە بەرێز کاراچای گەیاند، کە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا زیانێکی زۆری بە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و ناوچە سنوورییەکان بەتایبەتی گەیاندووە و، گوتی: ''ئەمەش بووەتە هۆکاری ناڕەزاییی تەواوی خەڵکی کوردستان. لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرا باش و بەهێزن، بەڵام ئەو جورە هێرشانە بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی و نیگەرانییەکانی هەرێم، زیان بە هەردوولا دەگەیەنێت، بۆیە داواکارین ئەو ململانێ سەربازییە لە خاکی هەرێمی کوردستان دوور بخرێتەوە. هەروەکو لە بەیاننامەی 20-6-2020 مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە، لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و حکوومەتی تورکیا داواکارین کە دەستبەرداری چەک بن و ڕێگای سیاسی و دیموکراسیانە بگرنەبەر بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد، پێمان وایە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەر ناهێنێتە کایە و دواجار دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەری جیاوازییەکان بکرێت. هەبونی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی تورکیا زیانی گیانی و ماڵیی بە دانیشتووانی ئەوناوچانە گەیاندووە، بۆیە داواکارین لە هەموو لایەک خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکەنە قەڵغان و قوربانیی ئەو ململانێیە و داواکارین لە پەکەکەش لەو ناوچانە بکشێنەوە و چیی تر بیانووی بوونیان لەو ناوچانە نەدەنە دەست هێزی سەربازیی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر خەڵکی ئێمە.''
بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنە پەیوەست بوو بە دواین پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە و پەیوەندی و گرژییەکان کە بوونەتە هۆکاری نیگەرانی و چەندین کێشەی دیکەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. گفتوگۆکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق باسی لێ کرا و، بەڕێز سیوەیلی دووپاتی مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستانی کردەوە کە دەستووری هەمیشەییی عێراق دیاریی کردوون بە ماددەی 140ەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە ئێستا لە دۆخێکی ناخۆشدایە و دانیشتووانی ئەوناوچانە ڕووبەڕووی دەرکردن و داگیرکاری زەوی و ماڵ دەبنەوە لەلایەن دەسەڵادارانی ئەو ناوچانە و لە هەمانکاتیشدا ڕووبەڕووی هەرەشەی داعش و گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوەکانی دیکە دەبنەوە و نەبوونی ئاسایش لەو ناوچانە ژیانی خەڵکی تەواو زەحمەت و پڕمەینەت کردووە و پێویستە هەموو لایەک هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ چارەسەری یەکجاریی ئەو کێشە گەورەیە.
ھاکان کاراچای، کونسووڵی گشتیی کۆماری تورکیا دەربارەی نیگەرانییەکان ڕایگەیاند: "ئێمە و گەلی کوردی برامان لە هەرێمی کوردستان بەرژەوەندییەکی هاوبەش و پەیوەندییەکانی باشمان هەیە و هیچ کارێک ناکەین کە ئەو بەرژەوەندییانە بکەونە مەترسییەوە، بەڵام پێویستە لە نێگەرانی و هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی تورکیا بگەن. ئەو هێزانە کە لە سنوورەکانی تورکیا هەن ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر خاکی تورکیا، ئێمە وەکو حکوومەتی تورکیا پرسی کورد نابەستینەوە بە بوونی پەکەکە و ئەوان بە نوێنەری کوردی برامان نازانین.''
دەربارەی کێشەی ناوچە سنوورییەکان و زیان و قوربانیان ڕایگەیاند کە ئەو کێشەیە دەگەیەنێتە سەرووی خۆی. بەڕێز کاراچای تەئکیدی لە فراوانبوونی پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکان کردەوە و گوتی: ''ئێمە دوو دراوسێین کە پێویستە داهاتوو و بەرژەوندییەکانی هەردوولا لەبەرچاو بگرین و کار بکەین بۆ زیاتر بەرەوەپێشەوەچوونیان و ئەمەش ئامانجی ئێمەیە."
لە درێژەی ئەو دیدارەدا باس لە کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کورۆنا لەسەر جموجووڵی بازرگانی و هاتوچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرا و هەردوولا پێیان وابوو کە دەبێت ڕێکاری تەندروستی بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان ئەولەویەت بێت، بەڵام پێویستە ڕێکاری نوی بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ژیان بەرەوە ئاساییکردنەوە بڕوات و خەڵک بژێوی ژیانیان دابین بکەن، ئەمە بەرپرسیارێتی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە بە هاوکاریی هەموو لایەکمان."




