دیاری حوسێن: ڕێککەوتنی ستراتیژی کۆتاییی بە شەڕی ناوخۆ ھێنا
__2020_07_27_h16m45s25__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ١٣ ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا تێ دەپەڕێت و سەرکردەیەکی پارتییش دەڵێ، چەندین دەستکەوت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیدا بەدەست ھاتوون.
دیاری حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کورد ھیچ خێری لە ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی نەبینێ و کۆتاییی بە شەڕی ناوخۆ ھێناوە، بەداخەوە کەسمان سوودمان لە شەڕی ناوخۆ نەبینی، جگە لە دوژمنانی کوردستان، لەبەر ئەوە نەبوونی شەڕی خۆکوژی خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی ئێکجار گەورەیە کە دواتر سەرۆک بارزانی شەڕی ناوخۆی حەرام کرد."
ڕۆژی ٢٧/٧/٢٠٠٧ ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی ئیمزا کرا و تا ئێستاش وەک بەرپرسانی ھەردوولا جەختی لەسەر دەکەنەوە زیندووە و چەندین دەستکەوتیش بەرھەمی ڕێککەوتنی ستراتیژی بوونە.
بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوژمنان بەردەوام لە پیلاندان دژی ھەرێمی کوردستان و دەیانەوێت زەفەر بە یەکگرتووییی کوردستان ببەن، بەڵام ڕێککەوتنی ستراتیژی توانی ڕێگر بێت لە پیلانی دوژمنان."
دیاری حوسێن دەڵێت: "دوای ڕێککەوتنی ستراتیژی چەندین سەرکەوتن بەدەست ھاتوون لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ستراتیژی و یەکگرتووییی کورد، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی بووژانەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی، ئێمە پێمان وایە دەستکەوتەکانی ڕێککەوتنی ستراتیژی کەم نین."
قائید میرۆ




