٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

غەفوور مەخمووری: لێک نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی پێگەی کورد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- دوێنێ ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی و باڤڵ تاڵەبانی کۆ بوونەوە. سیاسەتمەدارێکی کوردیش دەڵێ، ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە و دەبێتە ھۆی ئەوەی کورد لە ناوخۆ یەکڕیز بێت و پێگەی کوردیش لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوەش بەھێز دەکات، چونکە ھەرکاتێک کورد یەکڕیز بووە دەستکەوتی گەورەی بەدەست ھێناوە، بەتایبەت پارتی و یەکێتی.

سیاسەتمەداری کورد و سکرتێری یەکێتیی نەتەوەی دیموکراتی کوردستان  ، غەفوور مەخمووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "ناوەندی سیاسیی کوردستان پەرشوبڵاو بووە و پێویستی بە ڕێکخستنەوە ھەیە و ھەموو لایەنەکان کۆک بن لەبارەی پرسە چارەنووسسازەکان و یەکێتی و پارتی لەدوای ١٩٩١وە ئیدارەی کوردستان دەکەن و چەندین جار پەیوەندییان ھەوراز و نشێوی ھەبووە و دواتر کێشەکان چارەسەر بوون و ئەمە شتێکی ئاساییە ململانێی سیاسی ھەبێت، بۆیە ئەوەی تێبینی دەکرێت ھەردوولا گەیشتوونەتە قەناعەتێک بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی، ئەمەش پێویستی بە دیالۆگ ھەیە، ھاوشان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بیروڕا بگۆڕنەوە، بۆیە پێشوازی لەو ھەوڵە دەکەین و ئومێدەوارین بگەنە ئەنجامی باش."

غەفوور مەخمووری گوتیشی: "ھەرکاتێک کورد یەکھەڵوێست بێت و ھەرێمی کوردستان بەھێز دەبێت و یەکێتی و پارتی وەکو دوو ھێز تا چەند لە یەک نزیک بن ھێزێک بە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد دەبەخشن، بۆیە لێکتێگەیشتن سوودی زۆرە، بۆیە لێک نزیکبوونەوەی ھەردوولا زۆر ئیجابییە و پێویستە ھەوڵ بدرێت بگەنە چارەسەرێکی ڕیشەیی و تێگەیشتنی ھاوبەش ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

مەخمووری باسی لەوەش کرد: "گەلی کورد ھەرکاتێک یەکڕیز بووە دەستکەوتی گەورەی بەدەست ھێناوە و لە ١٩٩١وە لایەنەکان بە یەکەوە ڕاپەرینیان ئەنجام دا و سەرکەوتنیان بەدەست ھێنا و لە ١٩٩٢ ھەڵبژاردن کرا  حکوومەت دروست بوو و لە شەڕی ناوخۆ زیانمان کرد و دواتر سەرۆک بارزانی و مام جەلال کە ڕێککەوتنی ستراتیژییان واژۆ کرد جارێکی دیکە کوردستان پێشکەوتنی بە خۆیەوە دیت و بووە جێی ئومێدی ناوخۆ و دەرەوە و لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە یەکڕیزی دەستکەوتمان بەدەست ھێنا و ئەگەر یەکڕیز بن خەڵکی دیکە بەھەند لە کورد دەگەن و ئەگەر پەرشوبڵاو بن بەغداش ئەو بایەخە بە ھەرێم نادەن و دۆستانیش بە ھەمان شێوە، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکان یەکڕیز بن، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ببێتە چەتری کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنەکان و ھەر کێشەیەکیان ھەبێت چارەسەری بکات، چونکە باڵاترین دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستانە."

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار