"چه‌ند نوێنه‌رایه‌تییه‌كی دیكه‌ی جیهان له هه‌ولێر ده‌كرێنه‌وه"

هەولێر-KDP.info- ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌دواداچوون دەربارەی پرسی نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و، به‌دوای ئه‌و پرسیارەدا ده‌گه‌ڕێت کە بە ئاساییبوونەوەی ژیان له‌دوای نه‌خۆشیی كرۆنا داواكاریی كوردستان له نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان هه‌روه‌ك ڕابردوو ده‌بێت؟ یان كوردستان پاكێجێكی جیاوازی هه‌یه بۆ ئاینده‌ی خۆی تا وه‌ك گفتوگۆ بیخاته به‌رده‌م وڵاتانی جیهان؟ به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، باس له سێكته‌ره گرنگه دیپلۆماسییه‌كان ده‌كات و، ده‌شڵێت: "داواكاریی ئێمه له چوارچێوه‌ی چه‌ند خاڵێكدا ده‌خرێته ڕوو".
كوردستان میحوه‌ری سه‌ره‌كییه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی
له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فینله‌ندا و فه‌ره‌نسا و ئێران سه‌ردانی كوردستانیان كردووه، دیداریان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌ت هه‌بووه، مه‌ترسیی بڵاو بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاستی دیپلۆماسیی هه‌موو جیهان هه‌بووه و هه‌رێمی كوردستانیشی گرته‌وه، به‌ڵام هه‌رزوو له‌گەڵ ئاساییبوونه‌وه‌ی جیهان دوای نه‌خۆشییه‌كه سه‌ردانه دیپلۆماسییه‌كان بۆ كوردستان ده‌ستیان پێ كرده‌وه، جیا له‌وه‌ش، ئاستی په‌یوه‌ندیی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا و توركیا و ئێران و وڵاتانی عه‌ره‌بی زۆر باش بووه، كۆرۆنا هه‌ماهه‌نگییه‌كانی زیاتر كرد و توركیا له ڕێگای خۆیه‌وه هاوكاریی پزیشكیی گه‌یانده كوردستان، فه‌ره‌نسا و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپایی، هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ كوردستان زیاتر كردووه، له ئاستی شه‌ڕی داعش و گرووپه تیرۆرستییه‌كان جیهان هه‌ماهه‌نگیی باشی له‌گه‌ڵ كوردستان هه‌یه، دیداری به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی مه‌عنه‌ویه‌تی پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی كوردستان گرنگ بوو، كه ترامپ به ئاشكرا باسی له ئازایه‌تیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد، دیداره‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ نێرده‌ی تایبه‌تی هاوپه‌یمانان و وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا گرنگ بوو بۆ لۆبیكردنی هێزی پێشمه‌رگه، به‌گشتی جووڵه‌ی كوردستان له‌دوای كۆرۆنا زۆر گرنگه، ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره كه بۆ داهاتوو ستراتیژیه‌تی كوردستان بۆ خسته ڕووی داواكارییه‌كانی له جیهان چی ده‌بێت؟ ئایا هه‌ر جه‌ختكردنه‌وه‌ی له هه‌ماهه‌نگیی سه‌ربازی و سیاسی، یان تێڕوانینی كوردستان بۆ داهاتووی خۆی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت؟ سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌گه‌ر سه‌یری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی بكه‌ین له دێرزه‌مانه‌وه له قۆناغی جیاواز و هۆكاری جیاواز، ناسه‌قامگیری و نائارامیی به خۆیه‌وه بینیوه، عێراقیش وه‌ك وڵاتێكی گرنگ له ناوچه‌كه، میحوه‌رێكی سه‌ره‌كییه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و دروستبوونی ئارامیی سیاسی و ئه‌منی له ناوچه‌كه، چونكه ئه‌جێندای ده‌ره‌كی و ململانێی هێزه جیهانییه‌كان، له عێراق و سووریا به‌رچاوه، هه‌رێمی كوردستان كه به‌شێكه له عێراق له ڕووی یاسایی و جوگرافیاییه‌وه، به‌ڵام له ڕووی پێگه‌ی سیاسیی خۆیه‌وه و ئه‌و كرانه‌وه‌ی به ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه چ له ڕووی سیاسه‌ت و پێكه‌وه‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رمایه‌گوزاری و بازاڕی ئازاد و له‌وه‌ش گرنگتر، ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعش کە له مێژووی نوێ‌دا به دڕه‌نده‌ترین ڕێكخراوی تیرۆریستی ناسێنراوه، ئه‌وه وای كردووه كوردستان جێگە و پێگه‌ی خۆی هه‌بێت و، له ڕووی سیاسیشه‌وه وای كردووه له عێراق و له ناوچەکەدا كوردستان پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت و حسابی بۆ بكرێت، ڕاسته هه‌ندێك جار یارییه‌كه زۆر له‌وه گه‌وره‌تره كه وڵاتان كه خاوه‌نی پێگه‌ی سه‌ربه‌خۆ، یان سیادی نین نه‌توانن داخلی ئه‌و یارییه بن، به‌ڵام سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستان، توانیویه‌تی تا ڕاده‌یه‌ك داخلی ئه‌و یارییه ببێت و سه‌ركه‌وتووانه‌ش لێی ده‌ربچێت و په‌ره‌پێدانی ئاستی سیاسی و دیپلۆماسیی كوردستان له ڕابردوو و له ئێستایشیدا گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌یه سه‌رۆككۆماری فه‌ره‌نسا و سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی دیكه چ له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی داعش و دوای شەڕی داعش سه‌ردانی كوردستانیان كردووه و له هه‌مان ئاست له سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستانه‌وه پێشوازییان لێ كراوه".
ده‌بێ پێگه‌ی كوردستان پارێزراو بێت
به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه زیاتر له‌وبارەیەوه قسه ده‌كات و ده‌ڵێت: "به‌شێكی دیكه‌ی پرسه‌كان په‌یوه‌ندیی به دۆزی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستانه‌وه هه‌یه، كه وڵاتانی ئه‌وروپا به پله یه‌ك و دواتر ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی دیكه‌ش كه دۆزی كوردستان به دۆزی ڕه‌وا ده‌بینن، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا پشتیوانیی ئه‌وه ده‌كه‌ن گرفته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق چاره‌سه‌ر بكرێن و گرنگه پێگه‌ی کوردستان وه‌ك شوناسێكی سه‌ركه‌وتوو پارێزراو بێت بۆ داهاتووی ناوچه‌كه. سەرباری ئەوەی کە كوردستان خۆی كۆمه‌ڵێك گرفت و ئاسته‌نگ و قه‌یرانی هه‌یه، به‌ڵام ده‌كرێت بكرێته نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌ی پێ بدرێت بۆ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق و پشتیوانیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له 2003 تا ئێستا، ئه‌وه‌ش وای كردووه كه كوردستان له چوارچێوه‌ی ئەو تابلۆ فراوانه بوونی خۆیان بچه‌سپێنێت، هه‌موو ئه‌مانه فاكته‌رن بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی جیهان به گرنگییه‌وه له کوردستان بنواڕن و گرنگیی پێ بده‌ن".
نه‌خشته‌ڕێگای كوردستان بۆ داهاتووی ناوچه‌كه
به‌شێكی زۆری دیداره‌كانی ڕابردووی نوێنه‌رانی كورد له ئاستی جیهان و سه‌ركردایه‌تیی سیاسی كوردستان بۆ جیهانی ده‌ره‌وه، له ڕابردوو له چوارچێوه‌ی هێڵه گشتییه‌كانی حكوومه‌ت ڕوونكردنه‌وه‌ی بۆ دراوه و گرنگه بزانرێت بۆ داهاتووی كوردستان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌رنامه و پلان چییه؟ یان ستراتیژیه‌تی كوردستان بۆ داهاتووی گۆرانكارییه‌كان چییه، به‌تایبه‌ت په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی عێراق و ئێران و سووریا و توركیا و ئه‌مه‌ریكا و ناوچه‌كه، سه‌فین دزه‌یی، باس له گرنگترین ئه‌و ستراتیژیانه ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره مێژووییه‌ی له سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان له ساڵی 1992 درا له په‌رله‌مانی كوردستان كه داهاتووی كوردستان له عێراقدا و له‌سه‌ر بنه‌مای فیدراڵی ده‌بێت و له كۆنفرانسی سه‌ركردایه‌تیی ئۆپۆزسیۆنی عێراق له نه‌وه‌ده‌كان، له ئای ئێن سی و مەحافلی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مه چه‌سپا، دواتر له قانوونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له 2003 و 2004 و له 2005 له ده‌ستووری هه‌میشه‌ییی عێراق چه‌سپا، به واتایه‌كی دیكه، پێناسه و قه‌واره‌ی كوردستان كه له ده‌ستووری عێراقدا چه‌سپاوه و ده‌بێت سه‌رجه‌م ڕێككه‌وتن و گفتوگۆكان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور بێت و ڕێز له ده‌ستوور بگیرێت, به‌داخه‌وه له دوای ساڵی 2008 ده‌ستووری عێراق پێشێلكاریی له‌سه‌ر كراوه، ئه‌مڕۆ پێویسته ئه‌و ده‌ستووره ڕێزی لێ بگیرێت كه ڕێگا چاره‌سه‌ری گرفته‌كانه، نه‌ك ته‌نیا بۆ گرفته‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڵكو بۆ سه‌رتاسه‌ری عێراق، بۆیه ئه‌مه یه‌كێك له‌و خاڵانه‌یه ئێمه هه‌میشه پێداگیریی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ شاندی وڵاتانی جیهان و نوێنه‌رایه‌تیی ده‌ره‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی جیا له بابه‌تی ستراتیژی، بایه‌تی كاتییش هه‌یه، له‌وانه پرسی داعش، كه له سه‌ره‌تای ساڵی 2014 سه‌ری هه‌ڵداوه و دواتر كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هاوكاریی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیان كرد، ئێستایش به‌رده‌وامن و داعش سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه و زۆریش ئه‌كتیڤه، ده‌بێت بنه‌بڕ بكرێت و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی نێوانگیریی هه‌ولێر و به‌غدا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییان زیاتر بێت له‌و ناوچانه‌ی كه له سنووری ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كانن و هه‌وڵ بدرێت شەڕی داعش بکرێت".
سه‌فین دزه‌یی، زیاتر له‌سه‌ر خاڵه‌كانی گفتوگۆی كوردستان و جیهان قسه ده‌كات ڕایده‌گه‌یه‌نێت: خاڵێكی دیكه گرنگه، ئەویش مه‌سه‌له‌ی وه‌به‌رهێنانه، له دوای 2003 ستراتیژیه‌تی کوردستان ڕوونه كه ده‌یه‌وێت بازاڕی ئازاد هه‌بێت و كه‌رتی تایبه‌ت دروست بكرێت و ژێرخانی ئابووریی به‌هێز بكرێت، ئه‌وه‌ش به‌ته‌نیا به حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ناكرێت و پێویستی به ئه‌زموونی ده‌ره‌وه هه‌یه، جگه له سه‌رمایه‌گوزاریی ناوخۆ كه گرنگه، ئه‌وه‌ش ته‌وه‌ری گرنگه كه ته‌شجیعی میوانان و شانده‌كان ده‌كه‌ین به هه‌مان شێوه هاوكار بن بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ژێرخانی ئابووری و، ئه‌و ئه‌زمونه‌ی هه‌مان بووه، خۆڕسك بووه، ده‌سكه‌وتی باشی هه‌بووه و سه‌ركه‌وتنی باشی هه‌بووه، له هه‌مان كاتدا كه‌موكورتیش هه‌بووه و كاتێك كۆمه‌ڵگا به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌ڕوات حه‌ز و خواستی كۆمه‌ڵگاش بۆ بژێوی ڕۆژانه‌یان زیاتر ده‌بێت، شێوازی كاركردنیش گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت، ئه‌وه‌ش خۆی له ڕیفۆرم و چاكسازیدا ده‌بینێته‌وه، كه چاكسازی دارایی و ئیدارییه و هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ی ده‌ولی هاوكارمان بوون له ڕابردوو، به‌تایبه‌ت په‌رله‌مانه‌كانیان، په‌رله‌مانتاره‌كانیان و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هاوكارمان بوون له هاوكاریكردنی ڕێكخراوه ناحكوومییه‌كانی كوردستان له‌گه‌ڵ پێكه‌وه‌ژیان و ڕێزگرتن له مافی مرۆڤ و له پێكهاته‌كان، ئه‌مانه ئێمه ئیبرازیان ده‌كه‌ین تا بزانین ئەگەر له شوێنێك هه‌ڵه هه‌بێت چاكی بكه‌ین، له شوێنێك داوای هاوكاری هه‌بێت داوا بكه‌ین و چاكی بكه‌ین"
ژماره‌ی نوێنه‌رانی وڵاتان له كوردستان
له‌باره‌ی گرنگیدانی وڵاتان بۆ ئاستی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كوردستان و پلانی وڵاتان بۆ كردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایەتی له كوردستان و ژماره‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی جیهان له هه‌رێمی كوردستان، سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه، ده‌ڵێت: "له ساڵی 2005 به سه‌ره‌وه نووسینگه‌ی وڵاتان له كوردستان به په‌نجه‌ی یه‌ك ده‌ست ده‌ژمێردران، ئێستا 36 نووسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی و نوێنه‌رایه‌تیی گشتی و كونسووڵگه‌ی فه‌خریی وڵاتان له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و له‌وانه 5 ئه‌ندامی هه‌میشه‌ییی ئەنجومەنی ئاسایش؛ له‌وانه فه‌ره‌نسا, ئه‌مه‌ریكا, ڕووسیا و چین و به‌ریتانیا و 6 تا 7 ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی نوێنه‌رایه‌تییان هه‌یه؛ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا و ئه‌سكه‌نده‌ناڤیاش نوێنەرایەتییان هه‌یه و ئێمه پێشوازییان لێ ده‌كه‌ین و هه‌میشه هه‌وڵمان داوه، هه‌بوونیان زیاتر بێت، له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فینله‌ندا لێره بووه، ئه‌و پێشنیاره‌ی خسته به‌رده‌م سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه خوازیارن له‌م قۆناغه‌دا كونسووڵگه‌ری فه‌خریی خۆیان له کوردستان بكه‌نه‌وه و له داهاتوودا ئاسته‌كه‌ی به‌رزتر بكرێته‌وه، بۆیه ئه‌و حه‌ز و خواسته هه‌یه، ئێمه‌ش به‌رده‌وام هانیان ده‌ده‌ین".
له‌باره‌ی نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له ئاستی جیهانی ده‌ره‌وه، دزه‌یی، ده‌ڵێت: "ئێستا وه‌ك هه‌رێمی كوردستان 14 نوێنه‌رایه‌تیمان له ده‌ره‌وه هه‌یه و حه‌ز و خواستمان هه‌یه نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێم له ده‌ره‌وه زیاتر بكرێت، چه‌ندین وڵاتانیش ئاماده‌یییان ده‌ربڕیووه بۆ كردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و وڵاتانه، به‌ڵام نەبوونی تواناییی دارایی و كادیری پێویست و شوێن و باڵه‌خانه‌ی پێویست و ئه‌مانه هه‌مووی بوونه‌ته ئاسته‌نگ له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی پێویسته فراوانتری بكه‌ین و ئه‌وانه‌ی ئیستاش له‌و وڵاتانه‌ن كاری خۆیان كردووه به ڕێكوپێكی و توانویانه به شێوه‌ی جوان كاری خۆیان بكه‌ن".
هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی شاری دیپلۆماسی له هه‌ولێر
چه‌ند ساڵ پێش ئێستا پرۆژه‌یه‌ك هه‌بوو بۆ كردنه‌وه‌ی شاری دیپلۆماسیی وڵاتان له هه‌رێمی كوردستان، واته سه‌رجه‌م نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان له شارێكدا كۆ بكرێته‌وه كه ئاسانتر كاره‌كانیان ڕاپه‌ڕێنن، ده‌رباره‌ی ئه‌و پرۆژەیە سه‌فین دزه‌یی گوتی: "چه‌ند ساڵ پێش ئێستا ئه‌و هه‌وڵه هه‌بوو و شوێنیش دیاری كرابوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێك له كونسووڵخانه‌كان له حه‌جمی خۆیان زیاتر داوای پانتاییی زه‌وییان ده‌كرد و ڕه‌نگه له‌و شوێنه‌ش ده‌ست نه‌دات و به‌شێكیان كه زه‌وییان بۆ ته‌رخان كراوه ده‌ستیان به دروستكردنی باڵه‌خانه كردووه، به‌تایبه‌ت له ڕێگای پیرمام و به‌شێك له‌و كونسووڵخانانه به‌پێی پێداویستی زه‌وییان بۆ ته‌رخان كراوه، به‌پێی حه‌جمی زه‌وییه‌كان و داواكارییه‌كانیان".
ڕاگرتنی هاوسه‌نگیی كوردستان له جیهانی ده‌ره‌وه
ده‌رباره‌ی ڕاگرتنی هاوسه‌نگیی كوردستان له هاوكێشه‌ی ناوچه‌كەدا، به‌تایبه‌ت شەڕی نێوان وڵاتانی زلهێز كه چۆن كوردستان ده‌توانێت له‌و شەڕه خۆی بپارێزێت, سه‌فین دزه‌یی، ئه‌وه‌ی خسته ڕوو: هه‌ندێك گه‌مه‌ی سیاسی هه‌یه له توانای ئێمه زۆر گه‌وره‌تره و له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌ش نییه ببینه ته‌ره‌فدار له‌و گرفتانه، عێراق له 40 ساڵی ڕابردوو له ساڵی 1980وە كه شەڕی ئێران عێراق هه‌ڵگیرسا تا ئێستاش ئارامیی به‌خۆیه‌وه نه‌بینووه، بۆیه گرنگه عێراق نه‌بێته به‌شێك له‌و ململانێیه، یان ئه‌و وڵاتانه ڕێگا به خۆیان نه‌ده‌ن عێراق دووچاری ئه‌و گرفت و نه‌هامه‌تیانه بكه‌ن، بۆیه هه‌رێمی کوردستان خۆی دوور خستووه‌ته‌وه له‌و ململانێیانه و نایه‌وێت ببێته به‌شێك لەوانە، چونكه نه‌ده‌توانین ته‌حه‌دای ئه‌و وڵاتانه بكه‌ین و نه‌ده‌شتوانین به‌رگه‌ری فشار و ئابڵۆقه و بارودۆخێكی شەڕانگێزی بگرین، بۆیه توانیومانه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا بپارێزین، سنوورێكی دوورودرێژمان له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا هه‌یه، له ڕووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه په‌یوه‌ندیی پته‌ومان هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاش وه‌ك دۆست و هاوپه‌یمانان هاوكارمان بوون، كه توانرا ناوچه‌ی دژه‌فڕن و هێڵی 36 دامه‌زرا، ده‌توانین بڵێین له سه‌ده‌ی بیسته‌م كوردستان له شەڕدا بووه و كۆچڕه‌و و نه‌هامه‌تیی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی ئێستای كوردستان بووه و ئامانجی كوردستانی به‌دی هێنا تا ڕاده‌یه‌ك، بۆیه ده‌مانه‌وێت ئه‌و دۆستایه‌تییه‌مان بپارێزین له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و وڵاتانی جیهان و په‌یوه‌ندیی باش له‌گه‌ڵ دراوسێكان بپارێزین، ئێران ده‌رگای بۆ کوردستان كراوه بووه له حه‌فتاكان و كیمیاباران و كۆچڕه‌وه‌وه و توركیاش له 88 و ئه‌نفالی بارزان و كۆچڕه‌و هاوكارمان بووه، بۆیه گرنگه ده‌ستی دۆستایه‌تی درێژ بكه‌ین و په‌یوه‌ندیی پته‌و دروست بكه‌ین له نێوان وڵاتان, له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له ماوه‌یەکی كه‌مدا سێ وه‌زیری وڵاتان سه‌ردانی كوردستانیان كردووه و بڕیار بوو دوو سێ شاندی دیكەش سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن و دوایان خست، له‌بۆ ماوه‌یه‌كی دیكه، ئه‌و دیدارانه به‌رده‌وام ده‌بن و به‌رنامه هه‌بوو شاندی كوردستان سه‌ردانی چه‌ند وڵاتێك بكات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌وه دواكه‌وت چاوه‌ڕوانین له‌گه‌ڵ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه سه‌ردانه‌كان بكرێنه‌وه.
كارزانی سه‌باح هه‌ورامی




