٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"مەسروور بارزانی بەسەر قەیرانەکان سەردەکەوێت"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- حوکمداری ئاسان نییە، بەتایبەت لە ژینگەیەکی قەیراناوی و جوگرافیایەکی ئاڵۆزدا، لەو هەموو قەیران و ململانێ و تەنگەژەیدا بەڕێوەبردن و ئیدارەدان قورستر دەبێت و بێگومان پێویستی بە کەسایەتەتییەکی مەعنەوی و خاوەن ڕوئیاییەکی "دەوڵەتداری" دەبێت بۆ بەڕیوەبردنی ژینگەیەکی قەیراناوی.

کە قەیرانی ئابووری و دیپڵۆماسی و ئاوەدانکرنەوە و نێوخۆیی و ئەمنی نەبێت، بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاش ئاسان دەبێت، بەڵام هۆنەری بەڕێوەبردن لەوەدایە کۆمەڵێک کێشە هەبن، هۆکارەکەی هەرچی بێت گرنگ نییە، لەو قۆناغەدا بەڕێوەبەری کۆمەڵگا دەبێ بەرپرسیاریەتی هەڵگرێت و خاوەنی ڕوئیایەکی دووربین و دەوڵەتداری بێت.

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بڕیاری داوە داهاتی هەرێم پشت بە یەک داهات نەبەستێت و بڕوای وایە پێویستە داهات هەمەچەشن بێت. سەردار شەریف، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی پشکی سیاسەتی گشتی لە زانکۆی دهۆک دەڵێت: "لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین قەیرانی زۆر گەورە هەن هەندێک لۆکاڵین و هەندێکیش جیهانی و ماددین، هەمووان پێکەوە گرێ دراون؛ لەوانەش شەڕی لیبیا و سووریا و یەمەن و ئەفغانستان و عێراق ناکۆکییەکانی باکووری ئەفریقیا و هەمووی ئەمانە ڕاستەوخۆ کارتێکەرییان لەسەر سیاسەتی عێراق دەبێت و ئێستاش کوردستان بەشێكە لە خاکی عێراق، هەربۆیە کارتێکردنیان لەسەر هەرێمیش دەبێت."

سەردار شەریف بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەگەر هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو سیاسەتانەی وڵاتان بکرێت، بەتایبەت لە سەردەمی ئابووریی کۆرۆنادا ئەوا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئابووریی هەرێمی کوردستانیشەوە دەبێت. لە جیهاندا زۆر کێشەی گەورە هەن؛ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و نزمبوونەوەی نرخی نەوت و وەستانی ئاڵوگۆڕی ئابووری و گازیش لە بازاڕە جیهانییەکانیدا کەم دەفرۆشرێت و بەرهەمە نێوخۆییەکان هەر لە کەمبوونەوەدان، هەمووی ئەمانە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و، هەرێمیش بەدەر نییە لە جیهان."

" لە نێوخۆی عێراقیشدا دوای چوونی عادل ڕقبوونەوەیەکی زۆر لە پەیوەندیی سیاسی و ئابووری بەرامبەری کوردستان دەبینرێت؛ وەکو بڕینی مووچە و شایستە داراییەکان کە جارێکی تر دەستی پێ کردووەتەوە و ئەمەش وای کردووە هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی خۆئاوەدانکردنەوەدایە و خواستەکانی خەڵک لەسەر حکوومەت زیادن و لە تاقەتی حکوومەت زیاترن." شەریف وا دەڵێت.

ئاماژە بە ئەوەیش دا: "ماوەی ساڵێکە مەسروور بارزانی هاتووەتە سەرۆکایەتیی حکوومەت لە کاتێکدا کە سندووقی هەرێمی کوردستان خاڵییە، چونکە کوردستان چەندین ساڵ شەڕی داعشی کردووە و حکوومەتی عێراق هاوکاریی نەکردووە و بوودجەی کوردستانی بڕیوە و فرۆشتنی نەوتیشی بەپێی میکانزمێکی مەرجدار بووە و ئاوارەی زۆریش ڕوویان لە هەرێم کردووە، کە هەمووی ئەمانە لەم یەک ساڵەدا مەسروور بارزانی توانیویەتی کۆنترۆڵیان بکات و ئیدارەی ڕەوشەکە بکات و لە سەردەمی کۆرۆناشدا توانی سیاسەتێکی باش دابڕێژڕێت و دنیاش ددان بەو سیاسەتەدا بنێت، سەرەڕای هەموو ئەمانەش توانیی ئیدارەی ڕەوشەکە بکات."

''پرسی مووچە، پرسێکی جیهانییە هەموو وڵاتانی گەورەی دنیا و هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە و ئەو وڵاتانە سندووقی گەورەیان هەیە و دەتوانن قەرزیش بکەن، بەڵام هەرێمی کوردستان هەرێمێکە و لەو شتانە بێبەشە.''

ڕوئیایی "دەوڵەتداری"

ئەم پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیشی دا: "ڕوئیای مەسروور بارزانی بۆ ئایندەی کوردستان ڕوئیایەکی دەوڵەتدارییە، نەک ڕوئیایەکی ئیدارەکردن و توانیی سەرۆکایەتی بکاتە وەزیفەیەک و بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خەڵک هەڵبگرێت و خەڵکیش پەرسیار بن لە حکوومەتەکەیان، دەیەوێ لە ڕێگایی پرۆژە ستراتیژییەکانەوە بنیاتی ئابووریی سەربەخۆ دابنێت و سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئابووری، بەڵام دەیەوێ ئەم پرۆژانەی پێشەسازی بکاتە بناغەی ئابووریی کوردستان و ئەمەش دەتوانێت کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە بیباتە ئاستی باڵاوە."

گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی

گوتیشی: "ئێستا لە کابینەی مەسروور بارزانیدا ئاستی هوشیاریی خەڵک بەرز بووەتەوە و گرنگیدان بە بەروبوومی ناوخۆش لە زیادبووندایە، خەڵک بەو ئاستە گەیشتوون کە بەرهەمی ناوخۆیی بکردڕێت و لە بابەتی تەماتە و لە پێشتریشدا نەمانتوانیوە ڕێگری لە بەرهەمی دەرەوە بکەین، بەڵام ئێستا کارگەی گەورەی ئاوی تەماتە دروست دەکرێت و پارەی هەرێمی کوردستان ناچێتە دەرەوە، بەڵکو بەرهەممان دەچێتە دەرەوە.''

"ناکرێت لە کاتی تەنگەژە و قەیرانەکاندا هێزە پشکداربووەکانی حکوومەت لە بەرپرسیاریەتی ڕا بکەن و شکست بۆ حزبی پێکهێنەری حکوومەت جێ بهێڵن و لە کاتی دەستکەوتەکانیشدا وا پێشان بدەن کە ئەوان شەریکی ئەو دەستکەوتەن، ئەمەش لە هونەری سیاسەت و دیموکراسیدا هەڵەیەکی گەورەیە، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش شتی وا ناکەن، دەبێ هەموویان پاڵ بە بەرپرسیارییەتییەوە بدەن."

کــاروان بــاعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار