مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەوانەی لە ترسی تیرۆر و تۆقاندن رووی تێدەکەن دەمێنێتەوە

هەولێر-KDP.ifo- ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/7/26 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی کۆچبەران و ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و زەمینەخۆش کردن بۆ گەڕانەوی ئارەزوومەندانە بۆ ناوچەکانیان کرا.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەران کە بە بێ هیچ جیاوازییەک پێشوازی لێکردوون و خزمەتگوزاری پێشکەش کردوون. ئامادەیی وەزارەتەکەشی دەربڕی بۆ هەر هەماهەنگیەکی پێویست لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە سەرباری دۆخی سەختی ئابووری، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە میوانداریکردنی زیاتر لە ملیۆنێک و دووسەد هەزار پەنابەر و ئاوارە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم ئەرکەدا هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن . گوتیشی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە نموونەیەکی گەشی میواندۆستی و پەناگەیەکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی لە ترسی تیرۆر و تۆقاندن و چەوساندنەوە ڕووی تێدەکەن.




