هێمن هەورامی پەیامێکی پیرۆزباییی ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان کرد

هەولێر-KDP.info- لە ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزباییی ئاراستەی ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و کادیر و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەکە کرد. ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
بەبۆنەی یازدە ساڵ تێپەربوون بەسەر دامەزراندنی ''بزووتنەوەی گۆڕان''دا، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەرێزان ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و کادیر و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین، هیواخوازین بزووتنەوەکە لە کارە باشەکانی بەردەوام بێت و سەرکەتوو بێت لە هەنگاوەکانی داهاتوو.
بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارییەکی کارای لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، هاوبەشێکی سەرەکییە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بەردەوامیش داکۆکیکار بووە لە باشترکردنی کاری پەرلەمانی و حکوومی و پابەند بووە بە کاراترکردنی دامەزراوەکان.
هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و جیهان بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانیەوە بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت، پێویستە هەموو لایەنەکان بە تەبایی و برایەتییەوە هەنگاو بهاوێژن بۆ تێپەڕاندنی دۆخە سەختەکان و گەیاندنی کوردستان بە کەناری ئارامی، پێویستیشە هەموو هیزە سیاسییەکانی کوردستان یەکدەنگ بن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی سەروەرییەکەی کە بەرهەمی خەباتێکی دوورودرێژی خەڵکی کوردستانە و ئەمانەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانکراوانە لە ئەستۆی ئێمە و پێویستە مافە دەستوورییەکانمان زیاتر بچەسپێن و داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێین، بە هەماهەنگی و هاوکاریی گشت لایەنەکان هەنگاوەکانی چاکسازی درێژە پێ بدەین، وەک چاکسازییەکی گشتیر لە سەرجەم سێکتەرەکان و لە ناویاندا لە خەرجی و داهات. دووبارە هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٥/٧/٢٠٢٠




